مقاوەمەی ئیسلامی: بەردەوام دەبین لە هێرشەکانمان بۆ سەر هەولێر

31-12-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێن، شەوی رابردوو بە درۆن فڕۆکەخانەی هەریریان لە پارێزگەی هەولێر بۆردوومان کردووە و لە هێرشەکانیشیان بەردەوام دەبن، بەڵام بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن شەوی رابردوو هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە.
 
گرووپەکە لە بەیاننامەیەکدا، کە شەوی 30-12-2023 لە کەناڵی تەلەگرام بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی "لە درێژەی بەردەوامبوومان لەسەر رێبازی رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر، سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان لە غەززە، وەڵاممان لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی قەوارەی زایۆنی لە دژی دانیشتووانی غەززە دەیکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بنکەی هەریری داگیرکراو لە هەولێر لە باکووری عێراق."
 
"مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا نووسیویەتی "دووپاتی دەکەینەوە، مقاوەمەی ئیسلامی بەردەوام دەبێت لە لێدان لە پێگەکانی دووژمن."
 
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی رووداو لە بەرپرسانی ناوچەکەی وەرگرتووە، شەوی رابردوو هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەریر، بەڵام ئەمڕۆ (یەکشەممە، 31-12-2023) حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا راگەیاند، کاژێر 11:45ـی شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە سنوری پیرمام - هەولێر، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
 
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
 
یەکەم هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ‌هێزەکانی ئەمریکا، بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کە رایانگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر.
 
لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا، گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن بەرپرسیاریێتیی خۆیان لە 14 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 ‌هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە