رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی نوێی بارانبارین و بەفربارین دەستپێدەکات. شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت: "ئەمە قۆناخی سێیەمی شەپۆلی بەفربارینە." بەڕێوەبەری پێشووی کەشناسیی سلێمانیش رایدەگەیێنێت، کەشوهەوا بەرەو ناسەقامگیری دەچێت.
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی، رۆژی چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، کەش سارد و نیمچە هەور دەبێت و دوای نیوەڕۆ دەگۆڕدرێ بۆ هەوری تەواو، شەپۆلێکی بەفربارین ناوچەکانی (دهۆک، زاخۆ، مێرگەسۆر، ئامێدی، سۆران، راپەڕین و چیای سەفین) دەگرێتەوە.
لەبارەی کەشەهەوای سبەی پێنجشەممە، کەشناسی دەڵێ:"سبەی ئاسمان هەوری تەواو دەبێ. کاریگەریی شەپۆلی بەفربارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێ و لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەش نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێ؛ لە کاتەکانی شەودا ئەگەری کڕێوە هەیە؛ پلەی گەرما بە گشتی (2 - 4) پلە بەرز دەبێتەوە، جگە لە ناوچە شاخاوییەکان و پارێزگای دهۆک کە بە ساردی دەمێننەوە".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی دەستپێکردنەوەی نزمەپەستانی دەریای نێوەڕاست کە تەواوکەری شەپۆلە بەفرەکەی رابردووە و بە قۆناخی سێیەم هەژمار دەکرێ، پێشبینی دەکرێ ئەم ئێوارەیە و ئەمشەو لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر، دهۆک، هەروەها سەنتەری دهۆک، سۆران، مێرگەسۆر و باڵەکایەتی بەفر ببارێ.
سەبارەت بە کەشی ناوچەکانی دیکە، ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد، لە سەنتەری هەولێر هەندێک جار نمەباران دەبارێ، بەڵام لە سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک، گەرمیان و راپەڕین کەشوهەوا ئاسایی دەبێت.
محەممەد کەمال دەڵێت: "لە نیوەڕۆی پێنجشەممەوە تاوەکو شەوی هەینی، ناوبەناو لە سەرجەم ناوچەکانی باشووری کوردستان ئەگەری بارانی زستانی هەیە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێ، بەتایبەتی لە پێنجوێن، پیرەمەگروون، سەفین، هیران و نازەنین، هەروەها لە سۆرانیش بەفر و باران بە تێکەڵی دەبارێت.
سەبارەت بە بڕی بارانەکە، ئەو شارەزایە گوتی: "بڕی بارانبارین دڵخۆشکەرە و زیاتر کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکووک و گەرمیان دەبێت؛" خێرایی با هەندێک کات دەگاتە 23 کم لە کاژێرێکدا و پلەی گەرما بە نزمی دەمێنێتەوە، تەنیا رۆژی هەینی بە شێوەیەکی کاتی 4 پلە بەرز دەبێتەوە و دواتر دووبارە دادەبەزێتەوە.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری پێشووی کەشناسیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نمەباران دەبێت و کەشوهەوای ئەمشەویش ناسەقامگیر دەبێ. لە شوێنە جیاجیاکانی باشووری کوردستان باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە. ئەم دۆخە تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ