رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس ڤیدیۆی بارمتەیەکی ئەمریکی لە غەززە بڵاوکردەوە و داوا لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات، پشتگوێیان نەخەن و هەوڵی ئازادکردنیان بدەن.
رۆژی شەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2024) حەماس ڤیدیۆیەکی نوێی بارمتەیەکی ئەمریکی ئیسرائیلی بەناوی ئیدان ئەلیکساندەر بڵاوکردەوە، کە لە 7ی تشرینی یەکەمی پارەوە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بە بارمتەگیراوە. بارمتەکە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و عیبری داوا لە ئیسرائیلییەکان دەکات گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل تاوەکو رێککەوتنێک بکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
لە دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە، یائیل ئەلێکساندەر، دایکی بارمتەکە لە خۆپێشاندانی کەسوکاری بارمتەکان لە تەلئەڤیڤ، گوتارێکی پێشكێشکرد و رایگەیاند "ئەو ڤیدیۆیە زۆر خەمباری کردم، بەڵام دڵخۆشیشم بەوەی ئومێدێکمان پێدەبەخشێت. ئەو ڤیدیۆیە پێشانی دەدات ئیدان و ئەوان لە چ دۆخێکی خراپدان و چەندیش چاوەڕێی ئومێدێکن تاوەکو رزگار بکرێن."
دواتر دایکی ئیدان رایگەیاند قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و دەڵێت "دەبێت بەڵێنەکەت ببەیتەسەر و ئازادیان بکەی، ئەم دەوڵەتە ئەوەندە بەهێزە تاوەکو کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت و بارمتەکان بگەڕێنێتەوە و لەنێویشیان ئیدان."
لەبارەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ڤیدیۆکەی بە "جەنگێکی دەروونی" وەسفکرد.
لەبەرامبەردا، شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشی سپی، لە راگەیێندراوێکدا گوتی بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە "وەبیرهێنانەوەیەکی دڵڕەقانەی تیرۆرستی حەماسە. جەنگی غەززە سبەی کۆتایی دێت و نەهامەتیی غەززەییەکان هەمووی کۆتایی دێت، ئەگەر حەماس بە ئازادکردنی بارمتەکان رازی بێت."
لە 7ـی ئۆکتۆبەری پار و لەمیانی هێرشە فراوانەکەی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، چەکدارانی حەماس 251 کەسیان بە بارمتە گرت و بەگوێرەی دوایین ئاماری حکومەتی ئیسرائیل، 97 بارمتە لەنێو کەرتی غەززە ماون کە لەو ژمارەیەش، کوژرانی 34 کەسیان پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام هێشتا تەرمەکانیان لە غەززەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ