ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانی بۆردوومان کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی کردە سەر چەند شوێنێک لە باشووری لوبنان، پێشتریش هۆشداریی بە دانیشتووانی دوو گوند دابوو کە چۆڵی بکەن. سوپاکە دەڵێت، پێگەکانی حیزبوڵڵای پێکاوە.
 
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2024، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بە شەڕی زیاتر لە ساڵێکی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی و هێزەکانی لە 5 ناوچەی ستراتیژیی باشووری لوبنان هێشتووەتەوە.
 
سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاندووە، "چەند کۆگایەکی چەکی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کردووە، بۆئەوەی رێگری لە هەوڵەکانی خۆڕێکخستنەوەیان بکەن."
 
سوپاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێک لە ئامانجەکان "لە دڵی ناوچەیەکی مەدەنی" بووە و حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی، لەنێو ژێرخانی مەدەنییەوە چالاکییەکانی دەکات.
 
پێشتر سوپای ئیسرائیل هۆشداریی چۆڵکردنی دابووە دانیشتووانی شارۆچکەکانی (کەفەر تبنیت) و (عەین قانا) لە باشووری لوبنان. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان (NNA) پشتڕاستی کردەوە کە باڵەخانە دیاریکراوەکان لە هەردوو شارۆچکەکە کراونەتە ئامانج.
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیل دا بۆسەر شارۆچکەی (ئەنساریە) لە باشووری لوبنان، کەسێک کوژراوە و چواری دیکە برینداربوون. هەروەها لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر (قلێلە)، چوار کەسی دیکە برینداربوون.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو کەسەی لە ئەنساریە کوژراوە چەکدارێک بووە کە "تێوەگلاوە لە هەوڵەکان بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا."
 
لوبنان چەندینجار ناڕەزایەتی دەربڕیوە و هێرشەکانی ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی ئاگربەست وەسف کردووە. لە بەرامبەردا ئیسرائیل حیزبوڵڵا بە خۆڕێکخستنەوە و پڕچەککردنەوە تۆمەتبار دەکات.
 
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، سوپای لوبنان رایگەیاند قۆناخی یەکەمی پلانی داماڵینی چەکی حیزبوڵڵای لە باشووری رووباری لیتانی تەواو کردووە، بەڵام ئیسرائیل دەڵێت ئەم هەنگاوە بەس نییە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە، زیاتر لە 360 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە لوبنان کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە