رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، سەرکەوتنی ئیسرائیل لە غەززە بەو مانایە دێت کە ناوچەکە "بە تەواوەتی وێران بکرێت."
رۆژی سێشەممە 6ی ئایاری 2025 بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لەکاتی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکدا لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین رایگەیاند، "غەززە بە تەواوەتی وێران دەکرێت."
لەبارەی داهاتووی دانیشتووانی کەرتەکەش گوتی، "سیڤیلەکان رەوانەی... باشوور دەکرێن بۆ ناوچەیەکی مرۆیی بێ حەماس و بێ تیرۆر، لەوێشەوە ژمارەیەکی زۆریان بەرەو وڵاتی سێیەم بەڕێدەکەون."
گوتەکانی وەزیرەکەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپاکەی لە کەرتی غەززە، لەو چوارچێوەیەشدا فراوانکردنی پلانی "دەستبەسەرداگرتنی" خاکی فەلەستینی، ئەمەش لەدوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل دەیان هەزار سەربازی یەدەگی بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشت کرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی فریاگوزاری بەردەوام هۆشدارییان داوە لە بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەخۆشی لەنێو دانیشتووانی کەرتەکە، ئەوەش بەهۆی گەمارۆدانی زیاتر لە دوو مانگ لەلایەن ئیسرائیلەوە و رێگری لە گەیاندنی هاوکاری بە خەڵکەکەی.
ئیسرائیل لە 18ی ئازاردا ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە دەستپێکردەوە. بەرپرسانی ئیسرائیلیش رایانگەیاندووە، پلانەکە زیاتر فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ "دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە و گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ باشوور، بە مەبەستی پاراستنیان."
لەپێش دەستپێکی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە، زۆرینەی دانیشتووانی غەززە لە باکووری خاکەکە نیشتەجێ بوون، بەتایبەتی شاری غەززە، بە نزیکەییش هەموویان لانیکەم جارێک لە سەرەتای جەنگەوە ئاوارە بوون.
هەروەها ئیسرائیلییەکان دەڵێن، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە لەنێوبردنی حەماس و نەهێشتنی دەسەڵاتی ئەو گرووپەیە لە غەززە، هەروەها گەڕانەوەی بارمتەکانە بۆ ئیسرائیل و بۆ ئەو مەبەستەش لە قۆناخی داهاتوو چاوەڕێ دەکرێت، "گورزی بەهێز لە حەماس بدرێت."
میدیاکانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە بڵاویانکردەوە، پلانەکە لەدوای سەردانەکەی هەفتەی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت.
لەدوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکەی ئیسرائیل، یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەو هەنگاوەی ئیسرائیلییەکان و داوای لێکردن دان بەخۆیاندا بگرن و ئەو پلانە جێبەجێ نەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ