رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دانی بەوەدا نا، پشتیوانیی گرووپێکی چەکدار لە غەززە دەکات کە دژایەتیی بزووتنەوەی حەماس دەکات، ئەوەش دوای لێدوانەکانی وەزیرێکی پێشوو هات کە گوتی، ئیسرائیل چەکی بۆ گواستوونەتەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل و فەلەستین بڵاویانکردەوە، ئەو گرووپەی ئیسرائیل کاری لەگەڵ دەکات، بەشێکە لە هۆزێکی دەشتەکیی ناوچەکە بە سەرۆکایەتیی یاسر ئەبو شەباب.
سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئەنجوومەنی ئەورووپی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە (EFCR) ئەبو شەباب وەکو سەرۆکی "باندێکی تاوانکاری ناودەبات کە لە ناوچەی رەفەح کار دەکات، بە تاڵانکردنی ئەو بارهەڵگرانە تۆمەتبار دەکرێت کە دەبرێن بۆ غەززە."
ئەڤیگدۆر لیبەرمان، ئەندامی پەرلەمان و وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتی، حکومەت لەسەر داوای نەتەنیاهوو، "چەک دەداتە گرووپێک لە تاوانکار و خراپەکاران."
نەتەنیاهوو رۆژی پێنجشەممە لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، گوتی، "لیبەرمان چی درکاندووە؟ ئەوەی کە بە ئامۆژگاریی بەرپرسانی ئەمنی، ئێمە هۆزەکانمان لە غەززە چالاک کردوون کە دژی حەماسن، چی خراپییەکی تێدایە؟"
مایکل میڵشتاین، شارەزا لە کاروباری فەلەستین لە سەنتەری مۆشێ دایان لە تەلئەڤیڤ، دەڵێت، هۆزی ئەبو شەباب بەشێک بوون لە هۆزێکی دەشتەکی، کە بە درێژایی سنووری نێوان غەززە و نیمچەدوورگەی سینای میسردا بڵاوبوونەتەوە.
ئەو لێکۆڵەرە دەڵێت، هەندێک لە ئەندامانی هۆزەکە لە "هەموو جۆرە چالاکییەکی تاوانکاری، قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەر و شتی لەو جۆرە" تێوەگلاون.
ئیفی دیفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژی هەینی پشتڕاستی کردەوە کە پشتیوانیی پڕچەککردنی گرووپە چەکدارییە ناوخۆییەکانیان لە غەززە کردووە، بەڵام وردەکاریی زیاتری نەدرکاند.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کاتێک پرسیاری لەبارەی بابەتەکەوە لێکرا، دیفرین بێ ئەوەی زانیاریی زیاتر بدرکێنێ، گوتی، "دەتوانم بڵێم ئێمە بە شێوازی جۆراوجۆر دژی دەسەڵاتدارێتیی حەماس کار دەکەین."
میڵشتاین گوتی، ئەبو شەباب "ماوەیەک لە زیندانەکانی غەززەدا بووە" و ئاماژەی بەوەش کرد، "وادیارە شاباک (ئاژانسی ئەمنیی ئیسرائیل) یان (سوپا) پێیان وابووە بیرۆکەیەکی نایابە کە ئەم میلیشیایە، یان لەڕاستیدا باندە، بکرێتە هێزێکی بەکرێگیراو و چەک و پارە و پەناگەیان پێبدرێت."
ناوەندی ECFR دەڵێت، "راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، ئەبو شەباب پێشتر لەلایەن حەماسەوە بەهۆی قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەرەوە زیندانی کراوە؛ دەگوترێت براکەی لەلایەن حەماسەوە کوژراوە، ئەوەش لە هەڵمەتێکدا دژی هێرشەکانی گرووپەکە بۆ سەر کاروانی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان."
حەماس دەڵێت، ئەو گرووپە "ناپاکی و دزییان وەکو رێگەی خۆیان هەڵبژاردووە" و داوای لە خەڵکی سڤیل کرد دژایەتییان بکەن.
حەماس، کە نزیکەی دوو دەیەیە فەرمانڕەوایی غەززە دەکات، دەڵێت، بەڵگەی هەیە لەسەر "هاوئاهەنگیی روون لەنێوان ئەو باندە تاڵانکەرە، بەکرێگیراوانی داگیرکار (ئیسرائیل)، و سوپای دووژمن لە تاڵانکردنی یارمەتی و دروستکردنی قەیرانی مرۆیی، کە ئازارەکانی" فەلەستینییەکان قووڵتر دەکاتەوە.
گرووپەکەی ئەبو شەباب خۆی ناوناوە (هێزە جەماوەرییەکان) و لە فەیسبووک رایگەیاند، "هەرگیز ئامرازی دەستی داگیرکار نەبووین و ناشبین."
ئەو گرووپە گوتیشی، "چەکەکانمان سادە و کۆنن و لە رێگەی پشتیوانیی خەڵکی خۆمانەوە بەدەستهاتوون."
میڵشتاین بڕیارەکەی ئیسرائیلی بۆ پڕچەککردنی گرووپێکی وەکو ئەبو شەباب بە "خەیاڵێک" ناوبرد، نەوەک شتێک کە بەڕاستی بتوانیت وەک ستراتیجییەت ناوببرێت و گوتی، "هیوادارم بە کارەسات کۆتایی نەیەت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ