رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران لە زاری فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانەوە دەڵێت، هێرشی درۆنییان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل 20% و بەکارهێنانی مووشەکە ستراتیژی و قورسەکانیان دوو هێندە زیاد دەکەن.
بەگوێرەی میدیای ئێران، فەرماندە باڵاکەی سوپای پاسداران نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 08-03-2026 پشتڕاستی کردووەتەوە، لە ئەمشەوەوە لە وەڵامی ''دەستدرێژییە دڕندەکان'' هێرشە درۆنی و مووشەکەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن.
بە گوتەی ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران، هێرشە درۆنییەکانیان 20% و بەکارهێنانی مووشەکی ستراتیژی و ''زۆر قورس'' کە توانای هەڵگرتنی تەقەمەنیی زۆریان هەیە، تاوەکو 100% زیاتر دەکەن.
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئامانج لە زیاترکردنی هێرشەکانیان بۆ ''گەرەنتیکردنی هێزی بەرپەرچدانەوە و وەڵامی کوشندە بە هەر جۆرە سەرکێشیی سەربازی''ـی ئەمریکا و ئیسرائیل دەگەڕێنێتەوە.
لە بەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
لە وەڵامدا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەتایبەتی سوپای پاسداران چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ