رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی چوار سەرچاوەی ئاگادار، ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێی ئەوە دەکەن کە لە قۆناخەکانی داهاتووی شەڕدا، هێزی تایبەت رەوانەی نێو ئێران بکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەو وڵاتە.
رێگریکردن لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، یەکێکە لە ئامانجە راگەیێندراوەکانی دۆناڵد ترەمپ لەم شەڕەدا. کۆماری ئیسلامی خاوەنی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوە بە رێژەی 60%، کە دەکرێت تەنیا لە چەند هەفتەیەکدا بگۆڕدرێ بۆ یۆرانیۆمی ئاستی سەربازی بۆ دروستکردنی چەک.
هەر ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو مادە هەستیارە، پێویستی بەوە دەبێت کە سەربازانی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بچنە نێو ئێران و لەنێو دامەزراوە ژێرزەوینییە زۆر پارێزراوەکاندا و لە جەرگەی شەڕدا، ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی، تاوەکو ئێستا روون نییە کە ئایا ئەمە ئەرکێکی ئەمریکی، ئیسرائیلی یان هاوبەش دەبێت. پێدەچێت ئەم هەنگاوە تەنیا کاتێک بنرێت کە هەردوو وڵات دڵنیابن لەوەی سوپای ئێران چی دیکە ناتوانێت هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر ئەو هێزانە دروست بکات.
بیرکردنەوەی جیدی لە پلانەکە
لە کۆبوونەوەیەکی کۆنگرێسدا لە رۆژی سێشەممە، کاتێک لە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پرسیار کرا کە ئایا یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران پارێزراو دەبێت؟ لە وەڵامدا گوتی، "پێویست دەکات کەسانێک بچن و ئەو مادانە بهێنن،" بێ ئەوەی دیاری بکات کێ ئەو کارە دەکات.
بەرپرسێکی بەرگریی ئیسرائیل بە ئەکسیۆسی گوتووە، ترەمپ و تیمەکەی بە جیدی بیر لە ناردنی یەکەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ نێو ئێران دەکەنەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی دیاریکراو.
بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێ، ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی دوو بژاردە دەکات: گواستنەوەی تەواوی مادە ئەتۆمییەکە بۆ دەرەوەی ئێران، ناردنی پسپۆڕانی ئەتۆمی بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆیدا مادەکە لەنێوببەن.
وەک ئەکسیۆس دەڵێ، بە گوێرەی سەرچاوەکان، ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بەشێک بوون لەو بژاردانەی پێش دەستپێکردنی شەڕ دراونەتە ترەمپ. بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێ، ئاستەنگە گەورەکە ئەوەیە "کە ئەو مادەیە لەکوێیە؟ دووەم، چۆن دەگەینە ئەوێ و چۆن کۆنترۆڵی دەکەین؟"دواتر بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت کە ئایا بگوازرێتەوە یان هەر لەوێ لەنێوببردرێت.
ترەمپ ناردنی هێز رەتناکاتەوە
رۆژی شەممە، ترەمپ لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی بە رۆژنامەڤانانی گوت، ناردنی هێزی زەوینی ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام تەنیا "بۆ هۆکارێکی زۆر گرنگ."
ترەمپ رەتی نەکردەوە کە هێزەکانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆم بنێرن و گوتی: "رەنگە لە شوێنێکدا ئەوە بکەین. ئێستا ئەوە ناکەین، بەڵام رەنگە دواتر بیکەین."
جگە لە یۆرانیۆم، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە (ئەکسیۆس)یان راگەیاندووە کە گفتوگۆ لەسەر کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارکیش کراوە، کە شوێنێکی ستراتیژییە و لێیەوە نزیکەی 90%ـی نەوتی خاوی ئێران هەناردە دەکرێت.
هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی رابردوودا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێرانیان لەژێر داروپەردەدا هێشتووەتەوە. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، لەو کاتەوە ئێرانییەکان خۆیشیان نەیانتوانیوە بگەنە ئەو کۆگایانە. زۆربەی کۆگاکان لە تونێلە ژێرزەوینییەکانی ئەسفەهانن و پاشماوەکەشی لە فۆردۆ و نەتەنزە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ