رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سەربازێکی دیکەیان گیانی لەدەستدا. ئەو سەربازە لە رۆژی 1ـی ئاداردا لە جەنگی دژی ئێران لە سعودیە بریندار ببوو. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا 7 سەربازیان لەو جەنگەدا کوژراون.
رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بەهۆی ئەو برینانەی لە کاتی هێرشەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی ببوو، گیانی لەدەستدا".
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمە حەوتەمین سەربازە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی 'تووڕەیی داستانئاسادا' لە کاتی جەنگدا کوژراوە".
سەرەتا سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشێکی ئێرانەوە بۆ سەر هێزەکانیان لە سعودیە، چوار سەربازیان کوژراون. رۆژی 5ـی مانگ، ئەوان رایانگەیاند، دوو سەربازی دیکەی برینداریان گیانیان لەدەستداوە.
بە گوێرەی سێنتکۆم، ناسنامەی سەربازە کوژراوەکە دوای 24 کاژێری دیکە بڵاودەکرێتەوە.
رۆژی 28ـی مانگی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە.
حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێ، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە 1221کەس کوژراون و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 9 بۆ 10هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ