رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی کاروباری کەعبە و مزگەوتی پێغەمبەر، بڕیاریدا بەدامەزراندنی ئافرەتێک لە پۆستێکی بەڕێوەبردنی مزگەوتی پێغەمبەردا، میدیای جیهانی دەڵێن ئەوە یەکەمجارە لە مێژوودا ئافرەتێک ئەو پۆستە وەربگرێت.
عەبدولرەحمان سودێس، سەرۆکی گشتیی کاروباری کەعبە و مزگەوتی پێغەمبەر لە سعودیە، فەرمانی دامەزراندنی فاتیمە بنت عەبدولعەزیز تویجەری، بە یاریدەدەری سەرۆکی گشتی کاروباری ئافرەتان لە مزگەوتی پێغەمبەر، دەرکرد.
سودێس لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، "ئەم دامەزراندنە یەکێکە لە هەنگاوە جۆرییەکان کە سەرۆکایەتی کاروباری کەعبە و مزگەوتی پێغەمبەر ناویەتی، هەروەها رەنگدانەوەی بایەخدانە بە تواناسازیی ئافرەتانی سعودی لە خزمەتکردن بە ئافرەتانی سەردانکەری هەردوو شوێنە پیرۆزەکە".
لای خۆیەوە فاتیمە بنت عەبدولعەزیز تویجەری رایگەیاند سعودیە بایەخی زۆری بە تواناسازیی ئافرەتان داوە. بەڵێنیدا توانای زیاتر بەگەڕ بخات لەپێناو خزمەتکردن بە ئافرەتانی سەردانکەری مزگەوتی پێغەمبەر و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییەکان.
تویجەری پێشتر مامۆستای کارگێڕیی پەروەردەیی بووە لە زانکۆی ئیمام محەممەد بن سعودی ئیسلامی، بەکالۆریۆسی هەیە لە توێژینەوە ئیسلامییەکان و ماستەری لە زانکۆی شا سعود بەدەستهێناوە.
چاودێرانی دۆخی سیاسی لە سعودیە، تواناسازی و بەشداری ژنان لە پۆست و ژیانی رۆژانەدا بەبەها دەنرخێنن، سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە بەمنزیکانە حکومەتی سعودیە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، ئافرەتێک دەکاتە وەزیر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ