ئیسرائیل لە دەوحە هێرشی کردە سەر بەرپرسانی حەماس

09-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە دەوحەی قەتەر بۆردوومان کرد و باس لەوە دەکرێت کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەی حەماس کراونەتە ئامانج.
 
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەکەی سەر دەوحە، خەلیل حەیە، سەرکردەی دیاری حەماس کراوەتە ئامانج.
 
سوپاسی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت، "هێرشێکی وردیان ئەنجامدا سەرکردایەتیی باڵای رێکخراوی تیرۆریستیی حەماسی کردە ئامانج". دەشڵێت، بۆ چەندین ساڵ، ئەم ئەندامانەی سەرکردایەتیی حەماس سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکەیان کردووە، راستەوخۆ بەرپرسن لە کۆمەڵکوژییە دڕندانەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، هەروەها جەنگەکەیان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل رێکخستووە و بەڕێوەبردووە".
 
باس لەوەش دەکات، "پێش هێرشەکە، رێوشوێنی پێویست گیرابوون بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بە هاووڵاتییانی سڤیل، لەوانەش بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد و زانیاریی هەواڵگریی زیاتر".
 
 
هێشتا بزووتنەوەی حەماس بە فەرمی هیچ هەڵوێستێکی لەسەر شەڕەکە نەبووە. هەروەها قەتەریش روونکردنەوەی نەداوە.
 
ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حەماس کە لە دەرەوە دەژین، بریتین لە محەممەد دەروێش، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا، خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حەماس، زاهیر جەبارین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی نووسینگەی شەهیدان، برینداران و زیندانییەکان کە هاوکات بەرپرسی بواری دارایی بزووتنەوەکەیە. نزار عەوزەڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خالید مەشعەل، کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەکە کە زۆرجار وەک کەسی یەکەمی حەماس لە دەرەوە دادەنرێ.
 
چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، خەلیل حەییە و زاهیر جەبارین و خالید مەشعەل لە بۆردوومانەکەدا کراونەتە ئامانج.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یایر لاپید، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل

پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل: سبەی خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بە دووژمن ئەژمارکردنی قەتەر دەکەین

سەرۆکی پارتی 'یەش ئەتیت' کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلە رایگەیاند، سبەی پرۆژەیاسایەک دەبەنە پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ دەکەن بۆ دیاریکردنی قەتەر وەکو وڵاتی "دووژمن". بە گوێرەی پڕۆژەکە، هۆکاری ئەو دیاریکردنە ئەوەیە کە قەتەر "حەماس پارەدار دەکات، پڕوپاگەندە لە دژی ئیسرائیل بڵاودەکاتەوە و سیخوڕیش بەسەر وڵاتەکەیانەوە دەکات".