کۆمکاری عەرەبی لەسەر پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆدەبێتەوە

09-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە "شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل لە غەزە" رێکبخات. 
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، حوسام زەکی، جێگری سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە پایتەختی میسر بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی چارەسەرێکی سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بدۆزرێتەوە."
 
رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی فەلەستین داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی کرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر دوایین پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بکرێت. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی گۆڕینی [نەخشەی] رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و دەڵێت، "ئەوەی چاوەڕێی حەماس دەکات قورس و زۆر خراپ دەبێت؛ ئێمە رۆژهەڵات ناوەڕاست دەگۆڕین".
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 9-10-2023، سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنەوەی کۆتا 7 ناوچە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماسی راگەیاند، گوتیشی "چەند چەکدارێکی حەماس لە چەند شوێنێکی ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە بە زووترین کات کۆتایی بەوانەش دەهێندرێت".
 
تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، بەپێی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەلایەنی کەمەوە 560 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 900 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 700 هاووڵاتی ئیسرائیلیش لە شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 200 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
کۆمکاری عەرەبی رێکخراوێکی ھەرێمییە کە سەرجەم وڵاتانی عەرەبی لە ئاسیا و ئەفریقا تێیدا ئەندامن. ھەریەکەیان واژۆیان لەسەر دەستوورێک کردووە کە لەسەر پرسە ئابووری، بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکان کۆیان دەکاتەوە. بارەگای ھەمیشەیی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسرە و سەرۆکی ئێستای کۆمکارەکە ئەحمەد ئەبولغەیت-ە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە