جەنگی ئەمجارەی ئێران چۆن لە 'جەنگی 12 رۆژە' جیا دەکرێتەوە؟

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە 8 مانگ لە "جەنگی 12 رۆژە"، کە تێیدا ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئێران کوژران، جەنگی ئەم ساڵ بە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیپێکرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیانە گیانی و ئابوورییەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو چەند هێندە ببنەوە و جیهان بخاتە بەردەم قەیرانێکی قوڵی وزە.
 
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەم ساڵ کە بە هێرشێکی هاوبەشی چڕی واشنتن و تەلئەڤیڤ دەستیپێکرد، لە چەند کاژێری یەکەمدا گۆڕانکاریی ته‌واوی لە هاوکێشەی دەسەڵات لە ئێراندا دروستکرد؛ کاتێک لە ئەنجامی "بۆردوومانێکی ورد" دا، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کوژرا و دواتریش موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوەی دەستبەکاربوو.
 
فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر بنکە سەربازییەکان، ژێرخانی سوپای پاسداران و دامەزراوە موشەکییەکان ئەنجامداوە، ئەمەش وایکردووە تاران بە نزیکەی 30 شەپۆلی موشەکی و درۆن وەڵام بداتەوە و شارەکانی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە قەتەر، کوەیت، بەحرەین، سعودیە، عێراق و هەرێمی کوردستان و ئیمارات بکاتە ئامانج.
 
تووندبوونی شەڕەکە تەنیا لەناو خاکی ئێراندا نەمایەوە، بەڵکو لوبنانیشی گرتەوە و ئیسرائیل هێرشێکی تووندی کردە سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا، ئەمەش بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس لەو وڵاتە.
 
ئەم جەنگە فراوانەی ئەم ساڵ، لە راستی دا تەواوکاریی ئەو پێکدادانە کورتخایەنەیە، کە لە حوزەیرانی 2025ـدا روویدا و بە "جەنگی 12 رۆژە" ناسرا. لەو کاتەدا، ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیراندا ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیوی"ی بە بەشداریی 200 فڕۆکەی جەنگی دەستپێکرد.
 
ئەو جەنگە بە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی هەردوولا دادەنرا، دوای دەیان ساڵ لە شەڕی وەکالەت، کە تێیدا فەرماندە باڵاکانی وەک حوسێن سەلامی و محەممەد باقری کوژران. ئەوکات ئەمریکا بە فڕۆکەی "بی-2 سپیریت" و بۆمبی قورسی "قەڵاشکێن" بەشداری کرد، بەڵام جەنگەکە دوای 12 رۆژ و بە نێوەندگیریی ترەمپ کۆتایی هات، بەبێ ئەوەی کێشەکان بە بنەڕەتی چارەسەر ببن.
 
ئێستا ئابووریی جیهان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی قەیرانێکی قووڵ. نرخی نەوتی خاو زۆر بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران تەنگەی هورمزی داخست و هەڕەشەی جەنگێکی درێژخایەن دەکات.
 
ئەگەرچی هێزی دەریایی ئەمریکا هەوڵی پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەدات، بەڵام پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی لە کەنداو ترسێکی گەورەی لای وڵاتانی جیهان دروستکردووە.
 
لە کاتێکدا جەنگە 12 رۆژەکەی ساڵی رابردوو بە یەکەمین رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ دادەنرا و تێیدا هەزار و 190 کەس لە ئێران گیانیان لەدەستدا، جەنگی ئێستا تەنیا لە 12 رۆژی یەکەمی خۆیدا ئەو ژمارەیەی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە هەزار و 245 کوژراوی سڤیل، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە چڕیی هێرشە ئاسمانییەکان لەمساڵدا زۆر زیاترە لە ساڵی رابردوو.
 
لە رووی زیانە سەربازییەکانەوە، جەنگی 2025 گورزێکی کوشندە بوو بۆ سەر فەرماندەکان و تێیدا 30 جەنەڕاڵ و 11 زانای ئەتۆمی وەک حوسێن سەلامی و محەممەد باقری کوژران، بەڵام لە کاژێرە سەرەتاکانی جەنگی 2026، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا، کە ئەمە گەورەترین زیانی سیاسی و رەمزییە بەر تاران کەوتبێت لە مێژووی دروستبوونییەوە.
 
لە بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیلیشدا گۆڕانکاریی بەسەر جۆری زیانەکاندا هاتووە؛ لە جەنگە 12 رۆژەکەدا ئیسرائیل 33 کوژراوی هەبوو و ئەمریکا هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، بەڵام لەم جەنگەی ئێستادا ئیسرائیل 10 کوژراوی هەیە و ئەمریکاش حەوت سەربازی لە دەستداوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تاران لەمساڵدا بە شێوەیەکی کاریگەرتر بنکەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو پێکاوە.
 
لە رووی ئابوورییەوە، جەنگی 2025 تەنیا بووە هۆی پاشەکشەی دوو ساڵەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و زیانی 1.5 ملیار دۆلاری بۆ ئیسرائیل، بەڵام جەنگی 2026 جیهانی خستووەتە لێواری قەیرانێکی گەورەتر، چونکە نرخی نەوت لە 90 دۆلارەوە بۆ 120 دۆلار بەرزبووەتەوە و تەنگەی هورمزیش بەتەواوی داخراوە.
 
زیانە سەربازییەکان لە ساڵی 2025ـدا زیاتر لەسەر وشکانی و سیستەمەکانی بەرگری بوون، کاتێک ئێران یەک لەسەر سێی سەکۆکانی هاوێشتنی موشەک و 70 سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی لەدەستدا، بەڵام لە جەنگی 2026ـدا شەڕەکە چووە ناو دەریا و تاران لانیکەم 30 کەشتیی جەنگی و ژێر دەریاییەکی لەدەستداوە.
 
هەروەها ئاستی بەکارهێنانی چەکیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ ئەگەر ساڵی رابردوو ئیسرائیل بە 200 فڕۆکە هێرشی کردبێت، ئەمساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە زیاتر لە پێنج هەزار هێرشیان ئەنجامداوە، ئەمەش وایکردووە زیانە لاوەکییەکان لە وڵاتانی دراوسێش وەک لوبنان لە 400 کوژراوەوە لە ساڵی 2025 بۆ زیاتر لە 570 کوژراو لەمساڵدا بەرزببێتەوە.
 
جەنگی 12 رۆژە
 
کوشتنی 30 جەنەڕاڵ و 11 زانای ئەتۆمی
 
دیارترینیان:
 
حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران
محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی سوپا
 
جەنگی ئێستا
 
کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران
دەستبەکاربوونی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێ
 
زیانە مرۆییەکان
 
جەنگی 12 رۆژە
 
ئێران
 
1190 کوژراو
 
ئیسرائیل
 
33 کوژراو
 
ئەمریکا
 
0 کوژراو
 
جەنگی ئێستا
 
ئێران
 
1245 کوژراو
 
ئیسرائیل 
 
10 کوژراو
 
ئەمریکا
 
7 سەرباز
 
ستراتیژیی سەربازی
 
جەنگی 12 رۆژە
 
بە ئامانجگرتنی سەکۆکانی مووشەک و سیستمی بەرگری
بەشداری 200 فڕۆکەی ئیسرائیلی و بەکارهێنانی بۆمبی 'قەڵاشکێن'ـی ئەمریکی
نرخی نەوت لە دەوروبەری 90 دۆلار جێگیر بوو
1.5 ملیار دۆلار زیان بە ژێرخانی ئیسرائیل گەیشت
 
جەنگی ئێستا
 
زیاتر لە 5000 هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل
تێکشکاندنی لانیکەم 30 کەشتی و ژێردەریایی ئێران
داخستنی تەنگەی هورمز و پەککەوتنی بازرگانیی جیهانی
نرخی نەوت گەیشتە زیاتر لە 120 دۆلار
 
جەنگی 12 رۆژە 
 
400 کوژراو لە لوبنان
 
جەنگی ئێستا
 
570 کوژراو لە لوبنان
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە