رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت شەڕی دژ بە ئێران بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام بێت و بۆ دیاریکردنی کاتی کۆتاییهاتنی شەڕەکەش هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 10ی ئاداری 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند: "ئێمە ناتوانین کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ رابگەیێنین، بەڵام تاوەکو ئەو خولەکەی خۆمان و هاوبەشەکانمان بە گونجاوی بزانین، بەردەوام دەبین."
ساعر، کە شانبەشانی یۆهان وادیفوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا قسەی دەکرد، ئاماژەی بەوە کرد، کە ئیسرائیل سەرکەوتنی گەورەی لە لاوازکردنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران دا بەدەستهێناوە. گوتیشی: "دەمانەوێت هەڕەشەکانیان لەسەر ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی درێژخایەن نەهێڵین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە 11 رۆژە شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران دەستیپێکردووە. سوپای ئیسرائیل رۆژی سێشەممە رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرشیان کردووەتە سەر تاران و چەند ئامانجێکیان پێکاوە.
لەبارەی هەڵوێستی واشنتن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە شەڕەکە ئەم هەفتەیە کۆتایی نایەت، بەڵام رەنگە زۆر زوو بگەنە ئەنجام. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش دووپاتیکردەوە، کە تەلئەڤیڤ هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ دەکات بۆ دیاریکردنی "کاتی گونجاو" بۆ وەستاندنی هێرشەکان.
سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ئێران، جەدعون ساعر ئاماژەی بەوە کرد، کە دەرفەتێک هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی ئێرانییەکان "ئازادیی خۆیان بەدەستبهێننەوە"، هاوکات موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران وەک کەسێکی "تووندڕۆ" ناوبرد.
یۆهان وادیفوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، کە یەکەم بەرپرسی باڵای بیانییە لە دوای دەسپێکی شەڕەکەوە سەردانی ئیسرائیل دەکات، رایگەیاند بڕوای وایە ئیسرائیل و واشنتن دەرگایان بۆ چارەسەری دیپلۆماسی واڵایە، بەڵام دەبێت هەر رێککەوتنێک پرسی مووشەکی و ئەتۆمی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ