رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەسەی کە تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی رەفیق حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنانە، ئەمڕۆ لەلایەن دادگای تایبەت بەو دۆسیەیە بە تاوانبار ناسرا و سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
سەلیم عەیاش لەلایەن دادگای تایبەت بە سزادانی بکوژانی حەریری کە بارەگاکەی لە لاهای هۆڵەندایە، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
دەیڤد ری، دادوەری دادگاکە رایگەیاند: "دەستەی دادوەرانی دادگا بەو باوەڕە گەیشتوون کە دەبێت ئەوپەڕی سزای زیندانیکردن بەسەر عەیاش دابنرێت لەسەر هەر 5 دۆسیەکە کە ئەو پێیانەوە تۆمەتبارە و دەبێت سزاکە وەک خۆی جێبەجێبکرێت".
سەلیم عەیاش تەمەن 57 ساڵ لە ئابی ئەمساڵدا بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە دادگا بە بەرپرس لە تەقینەوەکەی مانگی شوباتی 2005ی بەیرووت ناسێندرا، کە بووە هۆی کوژرانی حەریری و 21 کەسی دیکە.
سەلیم عەیاش هێشتا ئازادە و دەستگیرنەکراوە و حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان رەتیکردووەتەوە رادەستی دادگای نێودەوڵەتی بکات.
پاشنیوەڕۆی رۆژی 14ی شوباتی ساڵی 2005، رەفیق حەریری کەسایەتیی سیاسیی لوبنانی و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئەو وڵاتە، لە تەقینەوەیەکی بەهێزدا کە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ئەوی لە ناوەڕاستی بەیرووتدا کردبووە ئامانج، لە نزیک هوتێل سان جۆرج لە سەنتەری بەیرووت، لەگەڵ 21 کەسی دیکە کوژران و 226 کەسیش بەهۆی تەقینەوەکەوە برینداربوون.
رووداوی تیرۆرکردنەکە بە "بوومەلەرزەیەکی سیاسیی گەورە" لەو وڵاتەدا ناونرا. لوبنانییەکان لە تۆمەتبارکردنی لایەنی تیرۆرکەر و کەسانی سوودمەند لە کوشتنی حەریریدا، لە نێوان خۆیاندا دابەشبوون. رووداوەکە بووە هۆی پاشەکشەی هێزەکانی سوپای سووریا لە لوبنان پاش 29 ساڵ مانەوە لەو وڵاتەدا
لە 30ی مایۆی 2007دا، بەبڕیاری ژمارە 1757ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دادگایەکی تایبەتی لوبنانی بۆ لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی حەریری پێکهێنرا.
سەرەتاکانی لێکۆڵینەوە، تۆمەت ئاراستەی زۆر لایەن کرا، لە نێویاندا دەزگای هەواڵگریی سووریا و لوبنان. چوار گەورە ئەفسەری لوبنان لە ئابی 2005دا بە کوشتنی حەریری تۆمەتبارکران، بەڵام دواتر ئاراستەی لێکۆڵینەوەکان گۆڕان و دادگاکە پەنجەی تۆمەتی بۆ چوار ئەندامی حیزبوڵڵا درێژکرد و تاوانباری کردن بە پلاندانان و جێبەجێکردنی کوشتنەکە.
دادگاکە هەریەک لە سەلیم عەیاش، حەسەن حەبیب مەرعی، حوسێن حەسەن عنێسی و ئەسەد حەسەن سەبرای تۆمەتبارکرد، بە بەشداریکردن لە پلانی تیرۆرکردنە.
لە 2ی تەمووزی 2011دا، حیزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتەکانی دادگاکەی رەتکردەوە و رایگەیاند کە تۆمەتبارەکان رادەست ناکات کە بە غیابی دەستیکردووە بە دادگاییکردنیان، حیزبوڵڵا پەنجەی تۆمەتی لە تیرۆرەکەدا بۆ ئیسرائیل درێژکرد و دادگاکەشی تاوانبارکرد بە ملکەچبوون بە ویستی ئەمریکا و ئیسرائیل.
سەلیم جەمیل عەیاش، لە 10ی تشرینی دووەمی 1963 لە حارووفی باشووری لوبنان لەدایکبووە، لە باشووری بەیرووت نیشتەجێبووە. جیا لە تۆمەتی بەکۆمەڵ ئاراستەکراو بۆ هەموو تۆمەتبارەکان "ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی بە بەکارهێنانی کەرەستەی تەقینەوە"، عەیاش ئەو تۆمەتباریشە بە کوشتنی رەفیق حەریری و 21 کەسی دیکە بەئەنقەست لە رێگەی بەکارهێنانی تەقینەوە، هەروەها تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی 226 کەسی دراوەتە پاڵ لە هەمان رووداودا، لە رێگەی بەکارهێنانی کەرەستەی تەقینەوەوە.
عەیاش کە بەرپرسی سەربازیی بووە لە حیزبوڵڵا، بەجێبەجێکاری سەرەکی تەقینەوەکە دادەنرێت. عەیاش دواتر تۆمەتی دوو کاری دیکەی تیرۆریستی لە لوبنان لە نێوان ساڵانی 2004 و 2005 خرایە پاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ