رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
وێنەی حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران کە بە هێرشی ئیسرائیل کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە فراوانەکەیاندا بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاجیای ئێران، زۆربەی فەرماندە باڵاکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیان کوشتووە لەنێویشیاندا ئەمیر حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی و درۆنی سوپای پاسداران.
رۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "وەزیری بەرگری ئاگادارکراوەتەوە کە زۆربەی سەرکردە و فەرماندەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە کاتی کۆبوونەوەیاندا لە بارەگایەکی ژێرزەمینیدا کوژراون."
هەرچی ئاژانسی رۆیتەرز هەیە، لەزاری دوو سەرچاوەی تایبەتی خۆی بڵاویکردووەتەوە کە بەهۆی هێرشەکانی بەرەبەیانی رۆژی هەینی، لانیکەم 20 فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، لەنێویاندا فەرماندەی هێزی ئاسمانی و درۆنی سوپای پاسداران، ئەمیرعەلی حاجیزادە، لە هێرشەکاندا کوژراوە.
دوا بەدوای راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، سوپای پاسدارانیش کوژرانی ئەمیر عەلی حاجیزادەیان پشتڕاست کردەوە.
موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی دەزگەی فریاکەوتنی نیشتمانی ئێران، بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاندووە "تائێستا 95 کەس بریندار بوون و گەیەندراونەتە ناوەندە پزیشکییەکان لە 12 پارێزگەی جیاواز کە کرابوونە ئامانج."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ