باربارا لیف بۆ رووداو: پێویستە حکومەت رێگەنەدات هیچ لایەنێک لە عێراقەوە بچێتە نێو ململانێی ئێران و ئیسرائیل

14-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
گفتوگۆی شاهۆ ئەمین لەگەڵ باربارا لیف
گفتوگۆی شاهۆ ئەمین لەگەڵ باربارا لیف
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق رێگە بە هیچ لایەنێک نەدات هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، تاوەکو عێراق نەکەوێتە نێو ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل. 
 
رۆژی شەممە، دیپلۆماتەکەی پێشووی ئەمریکا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00 بە شاهۆ ئەمین، پێشکێشکاری رووداوی راگەیاند: "باشترین کار کە حکومەتی عێراق ئێستا بتوانێت بیکات، ئەوەیە کە دڵنیابێتەوە لەوەی هیچ کەس لە نێو عێراقدا هەوڵ نەدات بچێتە نێو ئەم ململانێیەوە، لە رێگەی هێرشکردنە سەر کارمەند، هێز و دامەزراوەکانی ئەمریکا، چ دامەزراوە بن یان هەر شتێکی دیکە."
 
لیف هەروەها دەڵێت: "پێویستە عێراق لە پەیوەندیی بەردەوام و ئاست باڵادا بێت لەگەڵ واشنتن. هەبوونی پەیامی ئەوەی کە عێراق بەشێک نییە لەم ململانێیە، پەیامێکی ئاشکرای گرنگە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە عێراق وەک حکومەت لە راستیدا چی دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی هیچ لایەنێک هێرش ناکاتە سەر ئەمریکییەکان یان رۆژئاواییەکان."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ باربارا لیف:
 
رووداو: خەڵک دەترسن ئەم شەڕە ناوچەکە بکاتە ئاگر، ئەم دۆخە بە کوێ دەگات؟ جەنگ کوێ دەگرێتەوە؟ بە بڕوای تۆ کوردستان لەم شەڕە سەلامەت دەبێت؟
 
باربارا لیف: ئێمە ئێستا لە قۆناخێکداین کە ناڕوونیی گەورەی تێدایە. ناڕوونی لە مەودای هەڵمەتە سەربازییەکەدا هەیە، ناڕوونی هەیە لەوەی جگە لەم هێرشە مووشەکییانەی ئێران بە چ شێوەیەکی دیکە کاردانەوەی دەبێت. هەروەها ناڕوونی هەیە کە ئیدارەی ئەمریکا چۆن کار دەکات یان کار ناکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ململانێیە. ئەمانە ژمارەیەک پرسیاری گرنگی چەند رۆژی داهاتوو دەبن.
 
رووداو: پێتوایە پریشکی ئاگرەکە بگاتە کوردستان؟ دەبێت خەڵکی کوردستان نیگەران بن؟
 
باربارا لیف: ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە. خۆزگە بمتوانیبایە بە دڵنیاییەوە بڵێم ئەم ململانێیە کار لە کوردستانی عێراق ناکات، بەڵام ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە نازانرێت چۆن دەبێت. بەداخەوە، پێشتر بینیومانە، میلیشیاکانی عێراق لە کاتی زیادبوونی گرژییەکاندا لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە، بینیمان ئەو میلیشیانە لە نێو هەرێمی کوردستان هێرش دەکەن، یانیش هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، هیودارام ئەم جارە بەو شێوەیە نەبێت. بێگومان فڕینی چەک بە نێو سنووری ئاسمانیی عێراقدا ئەگەری ئەوەی هەیە هەندێ وێرانکاری بنێتەوە.
 
رووداو: تاران دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا لە دژی ئێمە پشتیوانیی ئیسرائیل بکات، ئەوا ئێمەش لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەدەین. ئەگەر ئێران هێرشبکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، پێتوایە ئەمریکا دێتە نێو شەڕەکە؟  
 
باربارا لیف: تاوەکو ئێستا هەندێ پەیامی روونمان لە ئیدارە[ی ئەمریکاوە] بینیوە، لە نێویاندا لە وەزیری دەرەوە و سەرۆک خۆیەوە، بەوەی کە ئەگەرچی ئەمریکا ئاگاداری نیازی ئیسرائیل بوو و لە رووی بەرگرییەوە یارمەتیی [ئیسرائیل] دەدات، بەڵام کاتەدا هیچ پلانێکی نییە بچێتە نێو جەنگی هێرشبردنەوە. لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی باڵا لە نێویاندا سەرۆک، هۆشداریی زۆر روونیان داوەکە ئەگەر ئێران هەوڵبدات هێرش بکاتە سەر کارمەند و هێزەکانی ئەمریکا، یان دامەزراوەکانی ئەمریکا، لە هەر شوێنێک بێت، لێکەوتەی زۆر تووندی بۆ خودی ئێران دەبێت.
 
رووداو: دەبێت عێراق چی بکات بۆ ئەوەی لەم شەڕە دوور بێت؟
 
باربارا لیف: پێموایە باشترین شت کە حکومەتی عێراق ئێستا بتوانێت بیکات، ئەوەیە کە دڵنیابێتەوە لەوەی هیچ کەس لە نێو عێراقدا هەوڵ نەدات بچێتە نێو ئەم ململانێیەوە، لە رێگەی هێرشکردنە سەر کارمەند، هێز و دامەزراوەکانی ئەمریکا، چ دامەزراوە بن یان هەر شتێکی دیکە. هەروەها پێویستە عێراق لە پەیوەندیی بەردەوام و ئاست باڵادا بێت لەگەڵ واشنتن. هەبوونی پەیامی ئەوەی کە عێراق بەشێک نییە لەم ململانێیە، پەیامێکی ئاشکرای گرنگە،  بەڵام گرنگ ئەوەیە کە عێراق وەک حکومەت لە راستیدا چی دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی هیچ لایەنێک هێرش ناکاتە سەر ئەمریکییەکان یان رۆژئاواییەکان.
 
رووداو: بە بڕوای تۆ سیناریۆی مەترسیداری ئەم جەنگە چییە؟ ئایا ئەم شەڕە کورتخایەنە یان زۆر درێژە دەکێشێت؟
 
باربارا لیف: بەداخەوە زۆر هەن کە باس بکرێن. زۆر سیناریۆی مەترسیداری چاوەڕوانکراو هەن، بەڵام هەندێکیان ئەگەرێکی زۆر کەمیان هەیە. بەڵام هەمیشە لەم جۆرە ململانێیانەدا مەترسی ئەوە هەیە کە گرژییەکان زیاتر بن، مەترسی هەیە هەر لایەنێک پێش ئەوەی دیکە گرژییەکان زیاتر بکات. بێگومان لەم ساتەدا تواناکانی ئێران زۆر لاواز کراون، بەڵام ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی دیکە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە وڵات و حکومەتەکانی دیکە، چ بە تیرۆرکردن بێت یان بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکان. بۆیە پێموایە لە قۆناخێکی زۆر ناڕوونداین.
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە