ترەمپ لەبارەی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران: رەنگە بیکەم، رەنگە نەیکەم

18-06-2025
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، "مۆڵەتێکیان" بۆ ئێران داناوە و بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی گوتووە "بەردەوام بێت" لە هێرشەکانی. لەبارەی هێرشکردنە سەر ئێران گوتی: "رەنگە لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بدەین، رەنگە [هێرشەکە] نەکەم."
 
ترەمپ هەروەها ئێرانی بە "بێ توانا" و بێ بەرگریی ئاسمانی وەسف کرد و جەختی کردەوە کە دەبێت تاران خۆی رادەست بکات و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت.
 
لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە و راستەوخۆ رۆڵی ئەمریکا لەم ململانێیەدا ئاشکرا دەکات.
 
مۆڵەت بۆ ئێران و پشتیوانی بۆ ئیسرائیل
 
دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێمە دوایین مۆڵەتمان داوەتە ئێران." سەرۆکی ئەمریکا هەروەها پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل دووپاتکردەوە و گوتی: "من بە نەتەنیاهوم گوت بەردەوام بێت. من بە ئیسرائیلییەکانم گوت بەردەوام بن."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە مەترسیداریی دۆخەکە کرد و گوتی: "هەفتەی داهاتوو چارەنووسساز دەبێت. رەنگە کەمتریش لە هەفتەیەک."
 
ترەمپ بە زمانێکی تووند هێرشی کردە سەر تواناکانی ئێران و رایگەیاند: "ئێرانییەکان بە تەواوی بێ دەسەڵاتن و هیچ بەرگرییەکی ئاسمانییان نییە. تواناکانی سەربازیی ئێران زیانێکی زۆری بەرکەوتووە."
 
ترەمپ بانگەشەیەکی چاوەڕواننەکراویشی کرد و گوتی: "ئێرانییەکان نیازی خراپیان هەبوو. ئەوان پێشنیازییان کرد بێنە کۆشکی سپی." ترەمپ گوتیشی: "ئێران رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە و دەیەوێت دانوستاندن بکات."
 
کاتێک پرسیارێکی لەبارەی چارەنووسی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانەوە لێکرا، ترەمپ بە شێوەیەکی کورت وەڵامی دایەوە: "بەهیوای بەختێکی باش بۆ ئەو."
 
پرسیار لە ترەمپ کرا کەی ئارامیتان تەواو دەبێت؟ ترەمپ گوتی: "ئارامیمان دەمێکە تەواو بووە، هەر بۆیە ئەمە دەکەین."
 
مەرجی سەرەکی: خۆڕادەستکردن و وازهێنان لە بەرنامەی ئەتۆمی
 
سەرۆکی ئەمریکا مەرجەکانی واشنتنی بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە خستەڕوو و گوتی: "ئێران دەبێت خۆی رادەست بکات و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت."
 
لە کۆتاییدا، ترەمپ گومانی خۆی لەبارەی مانەوەی ئێران نیشاندا و گوتی: "نازانم ئێران تاکەی دەتوانێت خۆی رابگرێت."
 
لێدوانە راستەوخۆکانی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە دێن کە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە شەشەمین رۆژیدا پێی نایە قۆناخێکی نوێوە. رۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل رایگەیاند، کە هێرشی بەرفراوانی کردووەتە سەر ئامانجە هەستیارەکان لەنێو تارانی پایتەخت، لەوانەش "بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئێران" و بنکەکانی دروستکردنی پارچەی سەنتریفیوج بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
 
ئەو قسانەی ترەمپ لە کاتێکدا بوون کە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گوتارێکدا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "هەرگیز خۆی بەدەستەوە نادات" و هۆشداریی "زیانی قەرەبوونەکراوەی" دایە ئەمریکا ئەگەر دەستێوەردان بکات.
 
لە رووی مرۆیی و ئابوورییەوە، جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس لە هەردوو وڵات، دروستبوونی کەمیی خۆراک و سووتەمەنی لە ئێران و ناجێگیری لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا. چاوەڕوان دەکرێت لێدوانەکانی ترەمپ ئەم ناجێگیرییە زیاتر بکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رایان روس

سزای زیندانی تا هەتایی بۆ ئەو پیاوە بڕایەوە، هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپی دا

دادگەیەکی ئەمریکا سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر ئەو پیاوەدا سەپاند، بەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی لە یاریگەیەکی گۆڵف لە فلۆریدا داڕشتبوو.