ماکرۆن بۆ پزیشکیان: تەنیا رێککەوتن چارەسەرە

14-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، بە سەرۆککۆماری ئێرانی گوتووە، تەنیا رێککەوتن چارەسەرە. 
 
رۆژی شەممە، 14ی حوزەیرانی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کرد. 
 
ماکرۆن لەبارەی گفتوگۆکەیانەوە لە ئێکس بڵاویکردەوە، "داوای نەکردنە ئامانجی ناوەندە دیپلۆماسییەکانم لە ئێران و ناوچەکە کرد". دەشڵێت، "داوای دانبەخۆداگرتنم بۆ رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان کرد". 
 
سەرۆکی فەرەنسا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران مایەی نیگەرانی جیدییە و پێویستە بە دانوستاندن چارەسەر بکرێت". جەختی لەوەش کردەوە، "بانگێشتی سەرۆک پزیشکیانم بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتن کرد، کە تەنیا رێگەیە". 
 
 بە گوێرەی نووسینەکە، فەرەنسا هەموو هەوڵێک بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی و چارەسەرکردنی دۆخەکە دەدات. 
 
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەکاتێکدایە دوێنێ، ئیسرائیل بە 200 فرۆکە و ژمارەیەک درۆن دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کرد، دواتر ئێران دەستی بە وەڵامدانەوە کرد و ئیسرائیلی مووشەکباران کرد. ئەمڕۆش هەردوولا هەڕەشەی هێرش و وەڵامدانەوەی تووندیان لەیەکدی کرد. 
 
ئەو جەنگە لەکاتێکدایە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندکاری ئێران و ئەمریکا لەسەر پرسی ئەتۆمی بکرێت. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، بەشداریکردن لەو دانووستاندنە بێ مانایە. 
 
دواتر، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە ئێکس بڵاویکردەوە، "کۆبوونەوەی شاندی ئێران و ئەمریکا کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە لە مەسقەت بکرێت هەڵوەشایەوە. دیپلۆماسیەت و دیالۆگ تاکە رێگەی ئاشتین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە