ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بەپەلە ئێران جێبهێڵن

15-06-2025
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری ئاراستەی هاووڵاتییانی کرد و داوایان لێدەکات بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەوانەشی لەو وڵاتەن، دەستبەجێ جێیبهێڵن، هاوکات چەندین رێگەی وشکانیی بۆ دەرچوونیان دیاری کردووە.
 
لە نوێترین رێنماییدا کە بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە دەرچووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی ناتوانن ئێران جێبهێڵن، دەبێت ئامادەبن بۆ ماوەیەکی درێژ لە پەناگەدا بمێننەوە."
 
وەزارەتەکە دووپاتیکردووەتەوە، "حکومەتی ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی و کۆنسووڵگەریی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نییە" و، حکومەتی سویسرا لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە تاران، وەک هێزی پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کاردەکات.
 
رێگەکانی دەرچوون لە ئێران:
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، تاوەکو رۆژی شەممە، 14ی حوزەیران، ئاسمانی ئێران هێشتا داخراوە. سەبارەت بە دەرچوون لە رێگەی وشکانییەوە، ئەم بژارانە خراونەتەڕوو:
 
سنووری ئەرمینیا (ئاگاراک): کراوەیە.
 
سنوورەکانی تورکیا (گوربولاک، کەپیکۆی، ئێسەندەرە): کراوەن، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە کە حکومەتی ئێران رەنگە رێگری لە پەڕینەوەی ئەو کەسانە بکات کە هاووڵاتیی تورکیا نین. هەروەها گەشتە ئاسمانییەکان لە رۆژهەڵاتی تورکیاوە سنووردارن.
 
سنووری ئازەربایجان (ئاستارا): سنوورە وشکانییەکانی ئازەربایجان بەگشتی داخراون، بەڵام رەنگە هاووڵاتییانی ئەمریکی بتوانن لە رۆژی 15ـی حوزەیران لە دەروازەی سنووریی ئاستارا بە رێپێدانی تایبەت بچنە نێو ئازەربایجانەوە. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە پێشوەختە رەزامەندیی حکومەتی ئازەربایجان لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە باکۆ وەربگیرێت.
 
لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریداوە: "حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت گەرەنتیی سەلامەتیتان بکات ئەگەر ئەم بژاردانە هەڵبژێرن. تەنیا ئەگەر پێتانوابوو سەلامەتە، ئەو کاتە بڕۆن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە