سوپای ئیسرائیل: زیاتر لە هەزار و 100 ئامانجمان لە ئێران پێکاوە

18-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، فرۆکە جەنگییەکانیان زیاتر لە هەزار و 100 ئامانجیان لە ئێران پێکاوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی بەشێوەیەکی سیستماتیك وێران دەکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە، 18ی حوزەیرانی 2025، ئێفی دێفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەبارەی دوایین ئاماری شەش رۆژی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆسەر پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران گوتی: "هێزی ئاسمانی لە رۆژی هەینییەوە سەتان هێرشی کردووە. ئێمە بە شێوەیەکی سیستماتیکی کارمان بۆ نەهێشتنی هەڕەشە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە." 
 
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتیشی: "هێرشەکان زیانێکی بەرچاویان بە ژێرخانی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران گەیاندووە." 
 
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەیانی رۆژی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەم بەیانییە هێزی ئاسمانی زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر نزیکەی 40 ئامانجی سەربازیی ئێران لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە کرد. نزیکەی 25 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کرد و ئامانجەکانیش بریتی بوون لەو سەکۆی مووشەکهاویژانەی کە مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل دەکرد لەگەڵ کۆگاکانی هەڵگرتنی مووشەک، هەروەها سەربازانی ئێرانی." 
 
لەبارەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی شەوی سێشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دێفرین گوتی: "شەوی رابردوو نزیکەی 30 مووشەکی بالیستی بە دوو زنجیرە هاوێژراون. زۆربەی مووشەکەکان تێکشکێندران ."
 
هاوکات سوپای ئیسرائیل تێکشکاندنی درۆنێکی سەربازی لەنێو خاکی ئێران پشتڕاست کردەوە و رایانگەیاند: "لە کاتی چالاکییە سەربازییەکان لە ئاسمانی ئێران، یەکێک لە درۆنەکانمان لەرێگەی مووشەکەوە تێکشکێندرا، بەڵام هیچ مەترسییەکی ئاشکرابوونی زانیاریی هەستیار نییە." 
 
بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل، لە سەرەتای جەنگەوە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە 24 کەس کوژراون و زیاتر لە 650 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لە ئێرانیش نزیکەی 220 هاوڵاتیی سڤیل کوژراون و 188ی دیکەش بریندار بوون،  جگە لە کوژرانی 109 بەرپرس و ئەندامی هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئێران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە