رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران دەڵێت: "دەنگی تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی تاران بیستراوە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە هێرشکراوەتە سەر باڵەخانەی مانگی سوور.
رۆژی چوارشەممە 18ی حوزەیرانی 2025، میدیای ئێران بڵاویکردەوە: "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چەند جارێک دەنگی تەقینەوە لە شوێنی جیاوازی تاران بیسترا."
میدیای ئێران باس لەوە دەکات کە لە لایەن ئیسرائیلەوە هێرش کراوەتە سەر بینای مانگی سووری تاران.
جەنگی تاران و تەل ئەڤیڤ رۆژی هەینی دەستی پێکرد.
رۆژی چوارشەممە هەریەکە لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی جەنگەکە قسەیان کرد.
عەلی خامنەیی رەتی کردەوە حکومەتی وڵاتەکەی دەستپێشخەری ئەو جەنگە بووبێ کە لەگەڵ ئیسرائیل هەڵگیرساوە و گوتی: "ئەو رووداوە کاتێک روویدا کە بەرپرسانی ئێمە سەرقاڵی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ بوون لەگەڵ ئەمریکا و هیچ نیشانەیەک لە جووڵەی تووند و سەربازی و سەخت لەلایەن ئێرانەوە نەبوو".
عەلی خامنەیی پەیامێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا لە هەندێک قسەی قبووڵنەکراودا بە راشکاوی داوا لە گەلی ئێران دەکات خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام پێیان دەڵێین: یەکەم، هەڕەشە لەوانە بکەن کە لە هەڕەشە دەترسن. گەلی ئێران باوەڕیان بەو ئایەتەی قورئان هەیە "وَلَا تَهِنُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَنْتُمُ الْأَعْلَوْنَ إِنْ کُنْتُمْ مُؤْمِنِینَ" و هەڕەشە هیچکات کاریگەر لەسەر هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی گەلی ئێران دانانێت. دووەم، گوتنی ئەو قسەیە بە گەلی ئێران کە وەرن و خۆ بەدەستەوە بدەن، قسەیەکی ژیرانە نییە و کەسانی تێگەیشتوو کە ئێران و گەل و مێژووی ئێران دەناسن، هیچکات بە زمانی هەڕەشە قسە لەگەڵ ئەو گەلە ناکەن، چونکە گەلی ئێران خۆی بەدەستەوە نادات و ناچێتە ژێر باری دەستدرێژی هیچ لایەنێک".
ئەمڕۆ چوارشەممەش دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر ئێران گوتی: "لەوانەیە بیکەم، لەوانەشە نایکەم. کەس نازانێت چی دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ