رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە گوتاری کردنەوەی لووتکەی نائاسایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دا لە دۆحەی پایتەخت، میری قەتەر هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆسەر سەرکردەکانی حەماس لە وڵاتەکەی بە "دەستدرێژییەکی گەورە و ترسنۆکانە" ناوبرد، رایشیگەیاند، جەنگی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بووەتە جەنگی قڕکردن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل کار بۆ "دابەشکردنی سووریا دەکات."
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر ئاماژەی بەوە دا، لووتکە نائاساییەکە دوای ئەو "دەستدرێژییە گەورەیە" بەڕێوەدەچێت و گوتی، "هاووڵاتییان و دانیشتووان تووشی سەرسوڕمان بوون، نەک تەنها لەبەر ئەوەی هێرشەکە دژی سەروەریی دەوڵەتێک بوو و پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی بوو، بەڵکو بەهۆی ئەم دەستدرێژییە ترسنۆکانەیەشەوە."
میری قەتەر بە تووندی رەخنەی لە رەفتارەکانی ئیسرائیل گرت و گوتی، "دەستدرێژیی ئیسرائیل ئاشکرایە، ناپیاوانەیە و ترسنۆکانەیە."
بە گوتەی میری قەتەر، "ئیسرائیل کار بۆ دابەشکردنی سووریا دەکات،" بەڵام دەڵێت، پلانەکانی ئیسرائیل لەوبارەیەوە "سەرناگرن."
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی پرسیاری لەبارەی هەنگاوە دژبەیەکەکانی ئیسرائیل کرد و ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەر ئیسرائیل دەیەوێت سەرکردەکانی حەماس تیرۆر بکات، ئەی بۆچی بەشداری لە دانوستاندنەکاندا دەکات؟ چۆن دەتوانین لە وڵاتەکەماندا میوانداریی شاندی دانوستاندنکاری ئیسرائیل بکەین لە کاتێکدا ئەوان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکە دەنێرن بۆ هێرشی ئاسمانی دژی وڵاتەکەمان؟"
هەروەها میری قەتەر جەختی کردەوە، "پێویست بە پرسیارکردن ناکات. ئەمە تەنها دەستدرێژییەکی ترسنۆکانەیە، هیچ جێگەیەک نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنێکی لەم شێوەیەدا."
لە کۆتایی قسەکانیدا، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی گوتی، نەتەنیاهوو خەون بەوەوە دەبینێت ناوچەی عەرەبی ببێتە ناوچەی هەژموونی ئیسرائیل، ئەمەشی بە "وەهمێکی مەترسیدار" ناوبرد. راشیگەیاند، هەر لایەنێک بە بەردەوامی و سیستماتیک لایەنی دانوستاندنکار بکاتە ئامانج، ئەوا کار بۆ شکستپێهێنانی دانوستاندنەکان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ