رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، دانیشتووانی تاران باجی ئەو هێرشانە دەدەن کە ئێران دەیانکاتە سەر خەڵکی سڤیل.
رۆژی دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، بەم زووانە دانیشتووانی تاران باجی ئەو هێرشانە دەدەن کە سوپای ئێران دەیانکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش دوای هێرشە مووشەکییەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 5 کەس و برینداربوونی 92 کەسی دیکە.
بەگوێرەی ئاماری تیمە فریاگوزارییەکانی ئیسرائیل، لە چوار رۆژی هێرشەکانی ئێران دا 21 کەس کوژراون و زیاتر لە 300 کەسی دیکەش برینداربوون.
کاتز لە ئێکس دەڵێت، ئێران بە مەبەست هێرش دەکاتە سەر خەڵکی ئیسرائیل، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ ساردکردنەوەی سوپای وڵاتەکەی لە بەردەوامبوون لەو هێرشانەی توانا سەربازییەکانی پەک خستوون.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت: "لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەم زووانە دانیشتووانی تاران باجەکەی دەدەن."
رۆژی شەممە پێش هێرشە چڕەکەی فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پایتەختی ئێران، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، تاران "دەسووتێنین" و دواتریش زیانێکی گەورەیان بە ژێرخانی سووتەمەنی و ئاوی شاری تاران گەیاند.
بەگوێرەی میدیای ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل 242 کەس کوژراون و هەزار و 257 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ