رووداو دیجیتاڵ
مایک هوکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند، باڵەخانەی باڵیۆزخانەکەیان لە تەلئەڤیڤ بەهۆی هێرشێکی مووشەکیی ئێرانەوە زیانێکی کەمی بەرکەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەر کارمەندە ئەمریکییەکان نەکەوتووە.
بەیانیی رۆژی دووشەممە، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئامانجە سەربازییەکان لە قووڵایی خاکی ئێران، سوپای پاسداران ژمارەیەکی زۆر مووشەکی ئاراستەی شارەکانی ئیسرائیل کرد.
دیمەنەکان باڵەخانەی وێرانکراو لە شاری کەناراویی تەلئەڤیڤ پیشان دەدەن.
هوکابی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "هەندێک زیانی کەم بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران لە نزیک لقی باڵیۆزخانەکەمان لە تەلئەڤیڤ کەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەر کارمەندە ئەمریکییەکان نەکەوتووە."
هوکابی گوتیشی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس- ئۆرشەلیم رۆژی دووشەممە بە داخراوی دەمێنێتەوە، چونکە فەرمانی "مانەوە لە پەناگەکاندا" هێشتا کاری پێدەکرێت.
دوای دەیان ساڵ لە دووژمنایەتی و شەڕی بە وەکالەت، هێرشەکەی رۆژی هەینی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تووندترین شەڕی هەڵگیرساند و ترسی لە دروستبوونی ململانێیەکی درێژخایەن دروستکردووە کە رەنگە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرێتەوە.
ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکانی بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی کردووەتە ئامانج و بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر فەرماندەی باڵا و زانای ئەتۆمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ