رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکەوە لە نزیک دوورگەی خیۆس دوو ژن گیانیان لەدەست دا. دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
بەلەمەکە درەنگی شەوی رابردوو لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی خیۆس بە 29 کۆچبەرەوە ژێرئاوکەوتووە، لە ئەنجامدا دوو کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، کە هەردووکیان ژنن.
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان راشیگەیاند، توانیویانە 27 کۆچبەر رزگار بکەن و بیانگوازنەوە ناوەندی پێشوازی لە کۆچبەران لە دوورگەکە.
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ئاشکراکردنی ناسنامەی کۆچبەرەکان کردووە.
ئەو دامەزراوەیەی حکومەتی یۆنان رایگەیاند، بەلەمەکە دوێنێ لە کەناراوەکانی تورکیاوە بەڕێکەوتبوو.
دوورگەی خیۆس لە دەریای ئیجەیە و تەنیا حەوت کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە. ئەم دوورگەیە پێنجەم گەورەترین دوورگەی یۆنانە.
بەگوێرەی حکومەتی یۆنان، شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 16 هەزار و 290 کۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتەکەیان کە زیاتر لە 14 هەزار و 600 یان بە دەریادا بووە. هەروەها، هەمان ماوەی پار 60 هەزار کۆچبەر چووبوونە یۆنان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ