هەواڵگریی ئیسرائیل سەتان بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە ئێلی کۆهین لە سووریاوە دەگەڕێنێتەوە

18-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی (مۆساد) دوو هەزار و 500 بەڵگەنامەی تایبەت بە ئێلی کۆهین، گەورە سیخوڕی ئیسرائیلی لە سوویاوە گەڕاندووەتەوە. 
 
ئێلی کۆهین، سیخوڕێکی ئیسرائیلی بوو، ساڵی 1961 لەلایەن مۆسادەوە نێردرایە سووریا، ساڵی 1965 لەسێدارە درا، ئەوەش دوای ئاشکرابوونی.
 
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، کۆهین پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ بەرپرسانی سووریا دروستکردبوو، پێش ئەوەی ئاشکرا بێت و زانیارییەکانی دەدایە مۆساد. 
 
18ی ئایاری 2025، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، مۆساد لە ئۆپەراسیۆنێکدا دوو هەزار و 500 بەڵگەنامەی ئێلی کۆهینی لە سووریاوە گەڕاندەوە وڵاتەکەی. 
 

نامەکانی خێزانەکەی، گفتوگۆی کۆهین لەگەڵ هەواڵگریی ئیسرائیل و بەرپرسانی سووریا بەشێوەی نووسراو و چەند وێنەیەکی مانەوەی ئەو سیخوڕە لە سووریا بەشێکی بەڵگەنامەکان بوون. 
 
راگەیاندنی گەڕاندنەوەی ئەو بەڵگەنامانە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ 60ـەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی کۆهینە لە دیمەشق. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لەنێو بەڵگەنامەکاندا دوایین وەسیەتی ئەو سیخوڕە هەبووە کە چەند کاژێرێک پێش لە سێدارەدانی نووسیبووی. 
 

دەیڤد بارنیا، بەرپرسی مۆساد رایگەیاند، گەڕاندنەوەی ئەو بەڵگەنامانە "هەوڵێکی دیکەیە بۆ بەرەوپێشبردنی لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی شوێنی کۆهین لە دیمەشق"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی بێسەروشوێنان، کوژراوان و ئەوانەی رفێندراون". 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەڵگەنامەکان لە پەروەردەکردنی منداڵەکان بەکاردەهێنن، هەروەها ئەو هەنگاوە "هەوڵە بێ ماندووبوونەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی هەموو هاووڵاتییە بێسەروشوێنەکان، دیلی جەنگ و بارمتەکان پیشان دەدەن". 
 
کۆهین لەکاتی مانەوەی لە سووریا توانی زانیاری زۆر بۆ وڵاتەکەی کۆبکاتەوە کە باوەڕ وایە، ئەوەش هاوکارییەکی زۆری تەلئەڤیڤی کرد لە جەنگی شەش رۆژەی ساڵی 1967. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە