پەناخوازە سووریاییەکان لە لوبنان هیوای گەڕانەوە لەدەستدەدەن

18-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن پەنابەر لوبنان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەناخوازانی سووریایی کە ماوەی چەندین ساڵە لە کامپەکانی دۆڵی بەقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان نیشتەجێن، باس لەوە دەکەن تاوەکو دێت، هیواکانیان کزتر دەبن، چونکە خەریکە لوبنان ئارامگری لەدەستدەدات و یارمەتییە نێودەوڵەتییەکانیش بەرەو نەمان دەڕۆن. 
 
ئیبراهیم قورباو، تەمەنی 48 ساڵە، بەڵام نەهامەتیی جەنگ و هەژاری ریشەکەی تەواو سپی کردووە و سیمای پیرە پیاوێکی سەرووی تەمەنی خۆی پێداوە. 
 
لە بەردەم چادرەکەیدا لە سەعەدنایل، خۆی و منداڵەکانی لە بەر تیشکی گەرمی خۆر، سیر پاک دەکەن. 
 
ئیبراهیم نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر، ناچار بوو رەققە جێبێڵێت، دوای ئەوەی داعش کۆنترۆڵیکرد، کە پاشان کردی بە پایتەختی خەلافەتەکەی. 
 
خۆی و پێنج لە شەش منداڵەکانی، کە هەموویان تەمەنیان خوار 12 ساڵە بەهەموویان هەفتەی 20 دۆلار بە سیر پاککردن کۆدەکەنەوە و، بەشێکی بچووکی یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشیان پێ دەگات، کە بە گوتەی ئیبراهیم، بە زۆر بەشی پێداویستییە سەرەکییەکانیان دەکات. 
 
رێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەو یارمەتییانەی دەگەنە ئاوارە و پەناخوازانی سووریایی بەرەو نەمان دەڕۆن، لە کاتێکدا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەدەچت بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ سووریا. 

 

 
ئیبراهیم ئاماژە بەوە دەکات؛ یەکێک لە کوڕەکانی بەم دواییانە داوای لێ کردووە چیدیکە کارنەکات، چونکە دەستەکانی بریندار بوون، بەڵام باوکی دەڵێت، "پێم گوت 'بەردەوام بە؛ پێویستە نانێک پەیدا بکەین".
 
بەرپرسانی لوبنان دەڵێن، وڵاتەکەیان نزیکەی دوو ملیۆن پەناخوازی سووریایی تێدایە، کە زیاتر لە 800 هەزاریان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراون. بەوەش، لوبنان بەرزترین ژمارەی پەناخواز بەرامبەر دانیشتووانی لێیە. 
 
بەڵام  لەکاتێکدا قەیرانێکی ئابووریی پشتچەمێن لوبنانی لە هەژاریدا رۆبردووەتە خوارەوە، دژایەتیکردنی پەناخوازانی سووریایی زیادیکردووە؛ حکومەتی لوبنان داوای لێیان کردووە وڵات جێبهێڵن و هێزە ئەمنییەکانیش ژمارەیەکی زۆریان دیپۆرتکردوونەتەوە سووریا. 
 
هیچ شتێکیان لە سووریا نەماوە
 
ئیبراهیم دەڵێت، ناتوانێت بگەڕێتەوە خانووە رووخاوەکەی لە رەققە و لە هەمان کاتدا لە دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەش دەترسێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی دامودەزگە لوبنانییەکان لە نیسانی ئەمساڵدا دەستیان بە تووندکردنی رێوشوێنەکان دژی سووریاییەکان کرد. 
 
پەناخوازەکە بە دەم سیر پاککردنەوە دانیشتووە و دڵۆپی عەرەق لە سیمای دەتکێ، دەڵێت، "پێم باشترە (لە لوبنان) لە بەردەم منداڵەکانم بمرم. لانیکەم ئەو کات دڵنیا دەبن مردووم،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەیان هەزار کەس، کە نازانرێت لە سووریا چارەنووسیان بە چی گەیشتووە. 
 
پەناخوازانی دیکە کە لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی رۆژهەڵاتی لوبنان دەژین، باس لەوە دەکەن؛ گرنگ نییە دۆخیان چەند دژوار بێت، ناتوانن بگەڕێنەوە سووریا، چونکە خانووەکانیان نەماوە، دەترسن بە زۆر بخرێنە نێو سوپا یان لەلایەن حکومەتی سووریاوە تۆڵەیان لێ بکرێتەوە، یان هیچ شتێکیان لە سووریا نەماوە تا خێزانەکانی پێ بەخێوبکەن. 
 
سوعادی تەمەن 34 ساڵ، خوشکی ئیبراهیمە و دەڵێت، لەو کاتەوەی لە دەستی داعش هەڵاتوون و کوڕە 12 ساڵانەکەی لە لوبنان لە کاتی کارکردنیدا لەدەستداوە، هیچ ئومێدی بە بەدەستهێنانەوەی ژیانێکی ئاسایی نەماوە. 
 
کوڕەکەی سوعاد ئەمساڵ لە کاتی هەڵگرتنەوەی پەتاتە بەر تراکتۆرێک کەوت و گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی خۆی پێنج خوشک و برای ناچاربوون دەستبەرداری خوێندن بن بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەیان دابین بکەن. 
 
سوعاد دەڵێت، "هەست دەکەم هەموو دەرگاکان بەسەرماندا داخراون، هەرگیز ژیانێکی شایستەم دەستناکەوێتەوە. هەست دەکەم تەواوی ژیانی خۆم لەم چادرەدا بەسەردەبەم، بە بێ دەنگی".

 

 
"منداڵەکانم لەبەر چاوم دەمرن"
 
کاتێک هاوژینی سوعاد گەڕایەوە سووریا بۆ ئەوەی تەرمی کوڕەکەیان بەخاک بسپێرن، بینی خانووەکەی بەهۆی تۆپبارانەوە وێران بووە. 
 
سوعاد دەڵێت، "هیچ ماڵێکمان لە سووریا نییە، هیچ ئاساییش، هیچ بژێویێک نییە". 
 
لە ساڵی 2011ـەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس لە شەڕی نێوخۆی سووریادا کوژراون. شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد، بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئەو وڵاتە، بە زەبر و زەنگ رووبەڕووی خۆپێشاندەرانی دژی دەسەڵاتەکەی بووەوە، کە دواتر بووە شەڕێکی ئاڵۆز و چەندین وڵاتی دیکە و گرووپی پەڕگیر خزانە نێو شەڕەکەوە. 
 
مەدەنییە خەلەفی تەمەن 35 ساڵ ئاماژە بەوە دەکات، پارەی کڕینی دایبیی پێ نەماوە بۆ جگەرگۆشە شەش مانگەکەی و لەبری ئەوە، عەلاگە و پەڕۆی لێ دەبەستێت، چونکە یارمەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێ ناگات. 
 
ئەو دایکە کە چوار منداڵی هەیە، دەڵێت، ناچاربووە لەنێو کەمپەکەدا سواڵ بکات و منداڵەکانیشی بەنێو پاشماوەکاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی پلاستیک و کانزا کۆبکەنەوە و پارەی پێ پەیدا بکەن. 
 
لە کامپێکی نزیکی ئەو شوێنەشدا، غوفران جاسمی تەمەن 30 ساڵ، کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئیدلبە، دەڵێت چوار منداڵەکەی هیچ داهاتووییەکیان لە لوبنان نییە و وازیان لە قوتابخانە هێناوە، چونکە خێزانەکەیان پارەی پاسیان پێ پەیدا ناکرێت. 

 

 
دوو لە کوڕەکانی نەخۆشیی دڵیان هەیە، بەڵام ناچار بووە پشکنینی پزیشکیان بۆ نەکات و دوای ئەوەشی کە پارەی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێ بڕاوە، توانای قەرزکردنی پارەشی نەماوە. هاوژینەکەیشی هەر وەرزێک جارێک کارێکی دەستدەکەوێت کە لە بەرامبەریدا مووچەیەکی کەم وەردەگرێت. 
 
غوفران دەڵێت، کوڕە گەورەی کە تەمەنی حەوت ساڵە، ئەگەر نەشتەرگەری دڵی بۆ نەکرێت، رەنگە بمرێت. 
جاسمی هاوژینی بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت، "منداڵەکانم لەبەر چاوم دەمرن".
 
غوفران باسی لەوە کرد "ئەگەر بمێنمەوە، رەنگە لەدەستیان بدەم، بەڵام ئەگەر بگەڕێمەوە سووریا، منداڵەکانم و هاژینەکەشم لەدەستدەدەم، چونکە هیچ چاودێرییەکی تەندروستی نییە و هاوژینەکەشـم بە ناچاری دەنێردرێتە خزمەتی سەربازی".
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە