نەتەنیاهوو سوپاسی ترەمپ دەکات بۆ 'پشتیوانی' لە جەنگی ئێراندا

18-06-2025
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ "پشتیوانییەکەی لە بەرگریکردن لە ئاسمانی ئیسرائیل"، لە کاتێکدا ئیسرائیل شەش رۆژە لەگەڵ ئێران هێرش دەکەنە سەریەکدی.

دوای دەیان ساڵ لە دووژمنایەتی و جەنگێکی سێبەری درێژخایەن، شەڕ و پێکدادان رۆژی هەینی دەستیپێکرد کاتێک ئیسرائیل دەستی بە هەڵمەتێکی بۆردوومانی بەرفراوان کرد کە وای لە ئێران کرد بە مووشەک و درۆن وەڵام بداتەوە.
 
نەتەنیاهوو لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "دەمەوێت سوپاسی سەرۆک ترەمپ بکەم، دۆستێکی گەورەی دەوڵەتی ئیسرائیلە."
 
"سوپاسی دەکەم بۆ ئەوەی لە تەنیشتمانەوەیە و سوپاسی پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەرگریکردن لە ئاسمانی ئیسرائیل."
 
نەتەنیاهوو گوتی ئیسرائیل بە هێزەوە لە ئێران دەدات، هاوکات دانی بەوەشدا نا کە ئیسرائیل "زیانی بەئازار"ـی بەرکەوتووە لە جەنگەکەدا.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ئێمە بە هێزێکی گەورەوە لە رژێمی ئایەتوڵڵاکان دەدەین. ئێمە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان، مووشەکەکانیان، بارەگا سەربازییەکانیان و هێماکانی دەسەڵاتیان دەدەین."
 
هەروەها گوتی: "زیانی زۆرمان بەرکەوتووە، زیانی بەئازار؛ بەڵام بەرەی ناوخۆ پتەوە، گەل بەهێزە و دەوڵەتی ئیسرائیل لە هەموو کاتێک بەهێزترە."
 
بەپێی نووسینگەی نەتەنیاهوو، لە رۆژی هەینییەوە لانیکەم 24 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
 
ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لەوکاتەوە بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 224 کەس، کە فەرماندەی سەربازی، زانای ئەتۆمی و هاووڵاتیی سڤیلیان تێدایە. لەوکاتەوە ئامارێکی نوێی بڵاونەکردووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە