رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بە فڕۆکەیەکی سەربازی، دەستی بە گواستنەوەی بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی و خێزانەکانیان لە ئیسرائیل کرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوە رێگەی بە رۆیشتنی ئارەزوومەندانەی دیپلۆماتکاران داوە و فەرمانی چۆڵکردنی تەواوەتی دەرنەکراوە.
سێ سەرچاوە بە (سی ئێن ئێن) یان راگەیاندووە کە بەشێک لەو کەسانە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو ئوردن رۆیشتوون. گواستنەوەکە لە چوارچێوەی ئەو بڕیارە ئارەزوومەندانەیەدا دێت کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بەهۆی پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە دەرکرابوو.
گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی بەردەوام و وەک بەشێک لە رێگەپێدانی ئارەزوومەندانەی باڵیۆزخانەکە، کارمەندانی نوێنەرایەتییەکە دەستیان بە جێهێشتنی ئیسرائیل کردووە." باڵیۆزخانەکە هەروەها رایگەیاندووە کە نووسینگەکانی تاوەکو کۆتایی هەفتە دادەخرێن."
ئەمە لە کاتێکدایە کە مایک هاکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند ئەمریکا کار لەسەر رێکخستنی گەشتی ئاسمانی و کەشتیی گەشتیاری دەکات بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە دەیانەوێت ئیسرائیل جێبهێڵن.
رۆژی سێشەممە، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندبوو، وەزارەتەکەی "تیمێکی تایبەتی 24 کاژێریی" پێکهێناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکە و پێشکەشکردنی پشتیوانی بە ئەمریکییەکان.
ململانێکە، کە شەش رۆژە بەردەوامە، بووەتە هۆی ناجێگیرییەکی ئەمنیی گەورە، داخرانی ئاسمانی ناوچەکە و کردنەئامانجی ناوچە نیشتەجێبوونەکان لە هەردوو وڵاتدا. کرداری گواستنەوەی دیپلۆماتکاران و هاووڵاتییان لەلایەن زلهێزەکانەوە، ئاماژەیەکی روونە بە جیدییەتی دۆخەکە و نیگەرانییەکان لە ئەگەری فراوانبوون و دەرچوونی ململانێکە لە کۆنترۆڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ