وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: نەتەنیاهوو و هاوکارەکانی دادگەییەکی دادپەروەرانە دەکرێن

18-06-2025
هێمن عەساف
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دایەوە و رایگەیاند، کاتێک قەڵخانی پشتیوانی و پارێزبەندییەی ئیسرائیل نامێنێت، نەتەنیاهوو و هاوکارەکانی دادگەییەکی دادپەروەرانە دەکرێن.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکێش کرد. تێیدا رایگەیاند، "ئێران مافی خۆیەتی دژی چەتەگەری و دەوڵەتی تیرۆر بەرگری لە خۆی بکات" و لەبارەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش گوتی: ''نەتەنیاهوو زۆر دەمێکە لە تاوانی کۆمەڵکوژیدا هیتلەری ستەمکاری تێپەڕاندووە''.
 
ئێوارەی ئەمڕۆش جەدعۆن ساعیر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی لە دژی گوتارەکەی ئەمڕۆی ئەردۆغان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەردۆغان، کە خۆی وەک سوڵتانێک دەبینێت، لە گوتارێکی دیکەی پڕ جۆش و خرۆش و شەڕانگێزانەیدا تۆمەتی دژی ئیسرائیل و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ریزکرد. وەک سەرکردەیەک ژمارەی پێوانەیی شکاندووە لە سەرکوتکردنی ئازادی و مافی هاووڵاتییانی و لە تۆقاندنی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیدا. کەچی زاتی ئەوە دەکات وانەی رەوشت بەوانی دیکە بڵێتەوە." 
 
هەروەها رایگەیاند: "حەزە ئیمپریالیستییەکانی ناشارێتەوە؛ باکووری سووریای داگیرکردووە و باکووری قوبرسی بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە لەژێر دەستی خۆیدا هێشتووەتەوە، چۆن دەکرێ بە ناوی یاسا و رەوشتەوە قسە بکات، بە تەواوی گاڵتەجاڕییە." 
 
دوای ئەمە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامی جەدعون ساعیری دایەوە و رایگەیاند، ئەو پۆستەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بریتییە لە "بوختانی بێبنەما و درۆی زەق دژی وڵاتەکەمان و سەرۆککۆمارمان. ناچاربوونی بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی سەرۆککۆمارمان، راستی و دروستیی ئەو خاڵانە پشتڕاست دەکاتەوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، "بەرپرسیارێتیی هەمووانە ناوی نەتەنیاهوو لە مێژوودا لەگەڵ ناوی ئەو کەسانەدا بهێنرێت کە جینۆسایدیان کردووە. شاراوە نییە ئێستا بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید دادگایی دەکرێت."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "کاتێک ئەو قەڵخانی پشتیوانی و پارێزبەندییەی کە ئیسرائیل ئەمڕۆ لەلایەن هەندێک لایەنەوە هەیەتی نامێنێت، نەتەنیاهوو و هاوتاوان و هاوکارەکانی دادگەییەکی دادپەروەرانە دەکرێن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە