رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران "بە بەرپرسیار دادەنرێ" لە بەرامبەر هێرشی سەر نەخۆشخانەکەی ئەمڕۆ. ئاماژە بەوەش دەکات، فەرمانی بە سوپا کردووە "هێرشەکان" چڕ بکاتەوە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی، ئەوەی ئەم بەیانییە ئێران کردی، تاوانی جەنگە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە "بەرپرسیار" دادەنرێ.
کاتز رایگەیاند، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانیان بە سوپا کردووە "هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە ستراتیژییەکانی نێو ئێران و ژێرخانی وزەی تاران چڕبکاتەوە، ئەوەش بەمەبەستی لەنێوبردنی هەڕەشەکان بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل."
بنیامین نەتەنیاهووش گوتی، سوپای وڵاتەکەی بێ وەڵام نامێنێتەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشەی ئەم بەیانییە ئێران کردییە سەر ئیسرائیل و هەربۆیە تاران "باجێکی گەورە" دەدات.
ئەم بەیانییە ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا زیاتر لە 50 کەس بریندار بوون.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە بارەگای فەرماندەیی، هەواڵگری سوپای ئیسرائیل و سەربازگەی هەوڵگریی بووە لە ناوەندی توێژینەوەی گاڤ یام لە شاری بیەرشیبا.
بەڵام یەکێک لەو شوێنانەی مووشەک لێی دا لە کۆمەڵگەی پزیشکی شارەکە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ