رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین لێدوانیدا هەڕەشەیەکی تووندی لە سەرکردایەتیی ئێران کرد و ئاشکرای کرد، فڕۆکەوانانی ئەمریکیش یارمەتیی وڵاتەکەی دەدەن. دەشڵێت، هیچ کەسێک لە ئێران پارێزبەندیی نییە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران؛ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە روونی گوتی، "رێنوێنییەکانی من ئەوەیە کە هیچ پارێزبەندییەک بۆ هیچ کەسایەتییەک لە ئێراندا نییە."
نەتەنیاهوو پشتڕاستی کردەوە، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی بەرگری لە رێگەی سیستمی تاد (THAAD)ـەوە یارمەتیمان دەدات، فڕۆکەوانەکانیشیان یارمەتیمان دەدەن لە خستنەخوارەوەی درۆنەکان."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل "زیاتر لە نیوەی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئێرانی تێکشکاندووە" و جەختی کردەوە، لەڕووی کات و ئەنجامەوە، "پێش ئەو خشتەی کاتییە کەوتوون کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران" دایاننابوو.
سەبارەت بە پرسی گۆڕینی رژێمی ئێران گوتی، "بابەتێکە پەیوەندیی بە گەلی ئێرانەوە هەیە و هیچ جێگرەوەیەکی نییە." گوتیشی، "گۆڕینی رژێم ئامانج نییە، بەڵام دەکرێت ئەنجام بێت."
ئەم لێدوانە تووندانەی نەتەنیاهوو لە حەوتەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دێت. جەنگەکە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەستیپێکرد، کە دواتر بە وەڵامدانەوەی مووشەکیی تاران بۆسەر ئیسرائیل و زیانگەیاندن بە نەخۆشخانەی سۆرۆکا، گرژییەکانی زیاتر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ