رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایانگەیاند، سوپای وڵاتەکەیان چەندین هەنگاوی خۆپارێزیی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی هێز و کەرەستەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێویاندا گواستنەوەی فڕۆکە و کەشتییەکانی لە بنکە سەربازییەکانی لە قەتەر و بەحرێن.
بەپێی زانیارییەکانی دوو بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، کە رۆژی پێنجشەممە 19-06-2025 بۆ تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی قسەیان کردووە، سوپای ئەمریکا چەندین رێوشوێنی گرتووەتەبەر.
رێوشوێنەکان:
گواستنەوەی فڕۆکەکان: هەموو ئەو فڕۆکە ئەمریکییانەی کە لە شوێنی پارێزراودا نەبوون، لە بنکەی ئاسمانیی گەورەی عودەید لە قەتەر گواستراونەتەوە. وێنەی مانگە دەستکردەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەو ناوچانە چۆڵ کراون.
جووڵەپێکردنی کەشتییەکان: هەموو ئەو کەشتییە جەنگییانەی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە بنکەی پشتیوانیی هێزی دەریایی لە بەحرێن جێگیر کرابوون، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەندەرەکەیان جێهێشتووە.
ئامادەکاریی پزیشکی: فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، بڕێکی زیاتر خوێنی لە ناوچەکەدا ئامادە کردووە، کە ئەمە رێکارێکی ستانداردە لە هەر کاتێکدا ئەگەری هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا هەبێت.
یەکێک لە بەرپرسەکان ئەم گۆڕانکارییانەی بە "پلاندانانێکی ژیرانە و خۆپارێزانە" ناوبردووە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێراندا.
تاوەکو ئێستا روون نییە کە فڕۆکە و کەشتییەکان بۆ کوێ گواستراونەتەوە.
ئەم جووڵەپێکردنەی هێزەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل بۆ حەوتەمین رۆژ بەردەوامە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەستوەردانی سەربازیی وڵاتەکەیەوە نەداوە، بەڵام ئێران هۆشداریی داوە، ئەگەر ئەمریکا بەشداریی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بکات، راستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر هێز و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
ئەم هەڕەشەیە لەکاتێکدایە کە لە کانوونی دووەمی 2024، لە هێرشێکی درۆنیی گرووپێکی چەکداریی نزیک لە ئێراندا بۆ سەر بنکەی تاوەر 22ی ئەمریکی لەسەر سنووری سووریا و عێراق، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و دەیانی دیکە برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ