وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئوردن تاوتوێی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی دەکەن

19-06-2025
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، هاوتا ئوردنییەکەی، پێشنیازی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبییان کرد.

پەیوەندییەکە تاوتوێی پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکەی کرد، بەتایبەتی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئیران و ئەو لێکەوتانەی کە لە ئەنجامیدا رووبەڕووی ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوو وەزیر جەختیان لە رەتکردنەوەی زیادبوونی گرژییەکان و پێویستیی کاری هاوبەش بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و رێگریکردن لە فراوانبوونی کردەوە.
 
هەردوولا ئامادەکارییەکانیان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی تاوتوێ کرد کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە شاری ئیستەنبووڵ بکرێت، جەختیشیان لەسەر گرنگیی هاوئاهەنگیی هەڵوێستەکان لەنێوان وڵاتانی ئەندام کردەوە، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتووی ئیسلامی بەرامبەر بەم پەرەسەندنە مەترسیدارە.
 
هەر لەم چوارچێوەیەدا پێشنیازی بەستنی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە کاتی کۆنفرانسەکەدا کرا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوی بەکۆمەڵی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی بۆ راگرتنی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندیی گەلەکانی.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند پارێزگایەکی ئێران و تارانیش وەڵامی دایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە