رووداو - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی جەنگەوە باڵیۆزخانەیان لە تاران داخستووە و تەنیا کاروباری ئەو ئەڵمانییانە بەڕێوەدەبەن، کە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو باڵیۆزخانەکانمان لە ناوچەکە کاردەکەن. بەهۆی رەوشی ئەمنیی ناجێگیرەوە، باڵیۆزخانەکەمان لە تاران بۆ سەردان داخراوە، بەڵام هاوکارەکانمان کارئاسانی بۆ ئەڵمانییەکان دەکەن بۆ گەڕانەوە".
وەزارەتەکە دەڵێت، باڵیۆزخانەکانیان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاردەکەن و تەنیا باڵیۆزخانەی تارانی پایتەخت بۆ سەردانی گشتی داخراوە.
تاوەکو ئەمڕۆ سنوورە وشکانییەکانی نێوان ئێران و تورکیا، ئێران و ئەرمینیا و ئێران لەگەڵ عێراقدا کراوەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت: "سنوورەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان و تورکمانستان بۆ هاتووچۆی ئاسایی داخراون. حکومەتی فیدراڵی [ئەڵمانیا] بەردەوام هەموو بژاردەکانی دەرچوون هەڵدەسەنگێنێت و لە رێگەی تیمی قەیرانەکانەوە لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاڵوگۆڕی زانیاریی نزیکدایە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، کە 18ـی حوزەیران بە رووداوی داوە: "ئێستا رەوشی ئەمنیی ناجێگیر پلانی گەشتی وشکانیی ئاستەنگ کردووە. بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی ئەڵمانی لەو ناوچەیە دەکرێت بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی تاکەکەسیی خۆیان، پەناگە پارێزراوە بەردەستەکان و زانیاریی دەزگا ئەمنییە خۆجێیەکان، لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆیان، دەرفەتەکانی دەرچوون بە رێگەی وشکانی بۆ خۆیان هەڵبسەنگێنن".
وەکو ئاماژەیان پێکردووە، وەزارەتەکە دەڵێت، لە پاییزی ساڵی 2023ـەوە هۆشداریی گەشتکردنیان بۆ ئێران داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ