سەرۆکی ئیسرائیل: گۆڕینی رژێمی ئێران ئامانجی ئێمە نییە

20-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر ئێران راستەوخۆ عەلی خامنەیی ناکەنە ئامانج، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، دوورخستنەوەی رێبەری باڵا لە کۆتاییدا سوودی بۆ گەلی ئێران دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، یسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل گوتی: "ئامانجی ئێمە خامنەیی و گۆڕینی رژێم نییە.. بەڵام دەکرێت ئەمە ببێتە کاریگەرییەکی لاوەکیی روونی دەرەنجامە مێژووییە گەورەکان کە سوودی بۆ گەلی ئێران هەبێت."
 
چەند کاژێرێک پێش گوتەکانی سەرۆکی ئیسرائیل، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەیەکی تووندی ئاراستەی رێبەری ئێران کرد و رایگەیاند، "ناتوانێت بە زیندوویی بمێنێتەوە."
 
سەرۆکی ئیسرائیل هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل چڕبووەتەوە لەسەر لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران، کە بە گوتەی ئەو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان.
 
هێرزۆگ گوتی: "ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەین، کە دێوەزمەیەکی هەشتپێ ئاسایە و چەندین لایەنی هەیە، و پێویستە تواناکانیان لاببەین و سنوورداریان بکەین."
 
لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە ململانێکەدا، هێرزۆگ گوتی: "ئێمە رێز لە سەرۆک ترەمپ دەگرین، پێمانوایە سەرۆک ترەمپ دانایی، توانا و تێگەیشتنێکی روونی لەبارەی دۆخەکە هەیە. پێموایە ئەمە دەرفەتێکی دەگمەنە بۆ لابردنی هەڕەشەیەک کە ماوەیەکی زۆرە سێبەری بەسەر جیهاندا دروست کردووە."
 
سەرۆکی ئیسرائیل هەروەها "ستایشی" پشتیوانیی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیای کرد، کە رۆژی سێشەممە ستایشی ئیسرائیلی کردبوو بۆ ئەنجامدانی "کارە قێزەونەکە" لەبری رۆژئاوا.
 
هێرزۆگ لەوبارەیەوە گوتی: "من ستایشی فرێدریش دەکەم بۆ دەنگی راشکاوی، چونکە ئەو راستییەکە دەڵێت. ئێمە بەرگری لە ئەورووپا دەکەین. ئێمە بەرگری لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەین."
 
وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا رۆژی هەینی لە جنێڤ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
 
هێرزۆگ گوتی، ئیسرائیل هەمیشە دەرگای بۆ دیپلۆماسی کراوە بووە: "دیپلۆماسی هەمیشە دەتوانێت بەشێک بێت لە چارەسەر. ئێمە هەرگیز نەمانگوتووە نەخێر."
 
کاتێک پرسیاری لێکرا چی روودەدات ئەگەر ئەمریکا بڕیار بدات دەستێوەردان نەکات، سەرۆکی ئیسرائیل گوتی: "ئێمە دەزانین چی بکەین. نیشانمان داوە کە دەزانین چی بکەین."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە