شێخی ئەزهەر: ئامانجی ئیسرائیل راکێشانی ناوچەکەیە بۆ لێواری تەقینەوە

20-06-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، شێخی ئەزهەر لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی فەیسبووک نووسیویەتی، "بە تووندی سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشی قەوارەی داگیرکەر بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو هێرشە بەرنامە بۆداڕێژراو  و تووندوتیژییە بەردەوامە دەکەم کە ئەو قەوارە قۆرخکار و شەڕانگێزە دەیکات."

بە بڕوای ئەحمەد تەیب، ئامانجی ئیسرائیل لەو هێرشانە، "راکێشانی ناوچەکەیە بۆ لێواری تەقینەوە و هەڵگیرساندنی شەڕێکی سەرتاسەری کە تەنیا بازرگانانی خوێن و چەک تێیدا سەردەکەون."
 
ئەحمەد تەیب رایگەیاندووە، "بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم ستەمکارییە و شکستهێنانی لە وەستاندنی، وەک هاوبەشییە لە تاوانکارییەکەدا و بەرهەمەکەشی هەڕەشەکردنە بۆ سەر ئاسایشی هەموو جیهان؛ شەڕیش ناتوانێت ئاشتی دروست بکات."
 
هەشت رۆژە جەنگ بەردەوامە. بەپێی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا 25 هاووڵاتی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
حکومەتی ئێرانیش رایگەیاندووە، 224 کەس کوژراون. لە کاتێکدا ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە دەڵێت، بە 639 کەس لە ئێران کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە