رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مانگی سووری ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێستا لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشکراوەتە سەر دەوروبەری 5 نەخۆشخانەی وڵاتەکەی کە زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 20-06-2025، یەعقووب سولەیمانی، بەرپرسی مانگی سووری ئێران بە میدیایی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتەوە سەر دەوروبەری 5 نەخۆشخانە، ''ئەگەرچی بە شێوەی راستەوخۆ هێرشەکە بۆ سەر نەخۆشخانەکان نەبووە، بەڵام بۆردوومانکردنی دەوروبەریان بووەتە هۆی شکانی شووشەکان.
بەگوتەی یەعقووب سولەیمانی، دووکەڵی بۆردوومانەکانیش، زیانی بە نەخۆشان گەیاندووە، هەروەها تووشی دڵەڕاوکێی زۆر بوون.
قسەکانی بەرپرسی مانگی سووری ئێران لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێرشکردنی ئێرانی بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی سۆرۆکای لە وڵاتەکەی رایگەیاند. ئێرانیش رەتی کردووەتەوە و دەڵێت، بنکەیەکی فەرماندەیی سوپای ئیسرائیلیان لەو ناوچەیە بۆردوومانکردووە و زیانی لاوەکی بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە.
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە بەرەبەیانیی 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و 8 رۆژە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ