بەرپرسێکی هەسەدە لە زیندانی ئەقتان داوا دەکات هاوپەیمانان زیندانەکەیان لێوەربگرن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
وێنەی یەکێک لە زیندانەکانی سووریا؛ وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
وێنەی یەکێک لە زیندانەکانی سووریا؛ وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی پاراستنی زیندانی ئەقتان لە رەققە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانیی دژی داعش دەکات، زیندانەکەیان بە فەرمی لێ وەربگرن و گەرەنتی پاراستنی ژیانی ئەوان بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
 
چیا کۆبانی، بەرپرسی پاراستنی زیندانی ئەقتان لە رەققە، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا زیندانی ئەقتامان پاراستووە و گەیشتووە بە دوایین ئاستی خۆی، ئاو و کارەبا بڕاوە و سووتەمەنی نەماوە و خۆراکیش کەم بووەتەوە، داوا دەکەین لایەنێکی نێودەوڵەتی زیندانەکە وەربگرێت و ئێمەش بتوانین بە گرەنتی نێودەوڵەتی بگەینە ناوچە ئارامەکانی خۆمان".
 
زیندانییەکەی رەققە نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعشی تێدایە، وێڕای کۆنترۆڵکردنی ئەو شارە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە، هێشتا زیندانەکە لەلایەن ئاسایشی نێوخۆ، هەسەدە و یەپەگە دەپارێزرێت.
 
چیا کۆبانی دەڵێت: "وەکو هێزێکی هەسەدە پارێزگاریمان لە زیندانی ئەقتان لە رەققە دەکرد، هەمووان دەزانن چەتەکان [زیندانییەکانی داعش] مەترسییان لەسەر مرۆڤایەتی هەبوو، لە رۆژانی رابردوودا هێرش دژی رەققە کرا و کشانەوە ناوچە پارێزراوەکان، بەڵام ئێمە بینیمان لێرە زیندانێکی چەتەکان هەیە، ئەرکی مرۆڤایەتیمان لەسەر بوو، بۆیە بڕیارماندا ئەم زیندانە بپارێزین".
 
سەرپەرشتیاری زیندانی ئەقتان لە رەقە لە پەیامەکەیدا کە بە کوردی بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت، ئازادبوونی زیندانییە داعشەکان مەترسی بۆ ناوچەکە و سووریا و مرۆڤایەتیش دروست دەکرد بۆیە ئەوان نەکشاونەتەوە.
 
چیا کۆبانی گوتی: "دەمانەوێ زیندانەکە رادەستی هێزێکی نێودەوڵەتی بکەین، یان هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئێمە بە سەلامەتی و بە گەرەنتیکراوی بگەینەوە ناوچەکانمان".
 
سەرپەرشتیاری ئەو زیندانییەی چەکدارانی داعش دەشڵێت: "ئێستا هێرشی قورسمان دەکرێتەسەر، تاوەکو ئێستا زیندانەکەمان پاراستووە، بەڵام لە ئێستاوە داواکارین لایەنێکی نێودەوڵەتی زیندانەکە بگرێتە ئەستۆ و گەرەنتی گەڕانەوەی ئێمەش بکات".
 
چوارشەممە، گولێ هۆشەنگ، کە رۆژنامەڤانە و ئێستا لەو سنوورەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەنیا چەند خواردنێکی وشکە هەیە بەبێ نان، کە رەنگە بەشی یەک- دوو رۆژی دیکە نەکات".
 
رۆژی سێشەممەش دژوار کۆبانێ، رۆژنامەڤان لەنێو زیندانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای هێرشکردنە سەر رەققە و دەوروبەری ژمارەیەک چەکداری داعشی هەوڵی هەڵاتنیان داوە، تەنانەت دەرگەیەکی زیندانەکەیان شکاند، بەڵام کۆنتڕۆڵکراو رێگە نەدراوە هەڵبێن.''
 
ئەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانی ئەقتاندان، "مەترسیدارترین"ی نێو داعشن، لە باغۆز دەستگیرکراون کە دوایین ناوچەی ژێردەستی داعش بوو و هەسەدە ناوچەکەی لەژێردەستی رێکخراوەکە دەرهێنا.
 
لەبارەی ناسنامەی ئەو داعشانەی لە زیندانی ئەقتان دەستگیرکراون، دژوار کۆبانێ دەڵێت: "سعودی، ئۆزبەکستانی، میسرین، ژمارەیەکی زۆر چەکداری بیانی لەنێو زیندانییەکەدا هەن." 
 
زیندانی ئەقتان لەلایەن هاوپەیمانانەوە دروستکراوە و پاراستنی ئاسایشەکەی دراوەتە دەست هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەدوای شەڕ و هێرشەکانی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق، چەکداران و دەستگیرکراوان هەوڵی هەڵاتن دەدەن.
 
شارۆچکەی باغۆز رۆژی 23ـی ئاداری 2019 لەلایەن هەسەدەوە لەدەستی داعش دەرهێنرا، زیاتر لە سێ هەزار چەکداری داعش لەگەڵ 300 چەکداری راهێنراو خۆیان رادەستی هەسەدە کرد، دیمەنەکانی ئەوکات و بەرزکردنەوەی ئاڵای هەسەدە لە باغۆز لەجیهان دەنگی دایەوە، چونکە دوایین پێگەی داعش بوو لە دێرەزوور، هەمان رۆژ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی سووریا کرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە