رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا لە پاریس پێشنیازی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە کردووە، نە ئەمریکا و ئیسرائیل، رێگر نەبوون و رەتیان نەکردەوە هێرش بکرێتە سەر هەسەدە، لەوێوە رێگە خۆشکرا بۆ هێرشی سوپای عەرەبی سووریا و گرووپەکان بۆ ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریکاش ' زێدەڕۆییەکانی ئەحمەد شەرع' لە هێرشەکانی وایکرد کۆنگرێسمانانی ئەمریکا بیر لە سەپاندنەوەی سزا بکەنەوە، بەڵام بە راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ هەسەدە، شەرع نەکەوتە ژێر ئەو هەنگاوە.
رۆیتەرز بە پشت بەستن بە زانیاری 9 سەرچاوە وردەکاریی بڕیار و گفتوگۆی پشت دەرگە داخراوەکانی باس کردووە، بەپێی راپۆرتەکە: "ئەمریکا هیچ رێگر نەبووە لە ئۆپەراسیۆنەکان کە هاوسەنگی هێزی بەشێوەیەکی ریشەیی لە سووریا دژی هاوپەیمانێکی 10 ساڵەی ئەمریکا گۆڕی.''
راپۆرتەکە ئەو هەنگاوانە باس دەکات لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نراون دژی هەسەدە لە کۆبوونەوەکاندا، بەپێی سەرچاوەیەکی سووری: "ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا لەو کۆبوونەوانە دوو سەرکەوتنی سەرەکی بەدەستهێناوە، بەهێزکردنی بەڵێنەکەی بە یەکخستنی هەموو خاکی سووریا لەژێر یەک سەرکردایەتیدا و بوون بە هاوپەیمانی دڵخوازی ئیدارەی ئەمریکا بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ."
هێرشی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق ناوچەیەکی زۆری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەدەستی هەسەدە دەرهێنا، بەپێی راپۆرتەکە: "تاقیکردنەوەیەکیش بوو بۆ سنووری پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ شەرع، کە پێشتر سەرکردایەتی لقی قاعیدەی لەو وڵاتە دەکرد.''
بەپێی راپۆرتەکە: "شەرع ئەوکاتە بە سەرکەوتوو دانرا کە تۆم باراک نێردەی کاروباری ئەمریکا بۆ سووریا رایگەیاند واشنتن ئێستا هاوپەیمانی دەوڵەتی سووریایە و هیچ بەرژەوەندییەکیشی لە رۆڵی جیاکەرەوە بۆ هەسەدە نییە.''
سەرچاوەیەکی ئەمریکی لەبارەی پشتیوانی ئەمریکا بۆ شەرع دەڵێ :" وادەردەکەوێت شەرع شارەزایەکی ستراتیجی و وەستا بێ.''
پێشنیازی هێرش لەلایەن حکومەتی سووریاوە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل
ئەمریکا 10 ساڵ و لەوەتەی 2015 سەرەکیترین پشتیوانی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوو، هێزەکە توانی بە سەرکەوتوویی هەموو ناوچەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە دەستی داعش دەربێنێت، هەسەدە لەو ناوچانەش خۆڕێبەرییەکی دروستکرد بەبەشداری خەڵکی ئەو ناوچانە ،بە جدامەزراندنی دەزگە و فەرمانگەی جیاواز، بەڵام لەدوای رووخاندنی ئەسەد لەلایەن شەرع یەکێک لەو بەڵێنانەی دای ئەوە بوو، هەموو سووریا بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەت و لەنێویشیدا ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە، پاش چەند مانگێک لە گفتوگۆش لە 10ـی ئاداری 2025 رێککەوتن کرا لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، بەڵام بەپێی راپۆرتەکە :" رێککەوتنەکە پێشڤەچوونی کەمی تێدابوو، هەر ئەوەش بوو وایکرد حکومەتی سووریا بیر لە گورزی سەربازی بکاتەوە ."
'وەزیرێکی سووریا کۆتایی بە کۆبوونەوەی هەسەدە و حکومەت هێنا'
بەپێی زانیاری سێ بەرپرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان :" رۆژی چواری ئەم مانگە، کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی سووریا و هەسەدە لە دیمەشق بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەلایەن وەزیرێکی سووریاوە کۆتایی پێهێنرا.''
رۆژی دواتر شاندێکی سووری سەردانی پاریسیان کرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل بە سەرپەرشتی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی ئەمنی، بەپێی زانیاری دوو سەرچاوە:" لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی سووریا ئیسرائیلیان تۆمەتبار کردووە بە پشتیوانی هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەر لەوێ داوایان لە ئیسرائیل کرد واز لە هاندانی کورد بێنێ بۆ دواخستنی تێکەڵکردنی هێزی هەسەدە بۆ نێو سوپای عەرەبی سووریا.''
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لەو کۆبوونەوەیە دەڵێت :" بەرپرسانی سووریا پێشنیازی ئۆپەراسیۆنێکی سنوورداریان کردووە بۆگرتنی هەندێک ناوچەی ژێردەستی هەسەدە،پێشنیازەکە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا رەتنەکرایەوە.''
بەڵام یەشیل لیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا دەڵێ :" لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی پاریس بەپێی سیفەتی کارەکەم ئامادەبووم، ئیسرائیل قەت بڕیاری ئەوەی نەداوە سوپای سووریا هێرشبکاتە سەر کورد، هەر قسەیەک لەوبارەوە بەتواوی بێ بنەمایە.''
بەرپرسێکی سووری رایگەیاندووە:" حکومەتی سووریا بەجیا پەیامێکی دیکەی لە تورکیاوە پێگەیشت تێیدا هاتبوو، واشنتن رازی دەبێ بە ئۆپەراسیۆنی سەر هەسەدە، ئەگەر خەڵکی سڤیلی کورد بپارێزرێن.''
هەدیە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە دەڵێ :" رێککەوتنی پاریس گڵۆپی سەوزی بۆ ئەو شەڕە هەڵکرد.''
پاش دوو هەفتە لە هێرشەکە، ئەمریکا بەپێی زانیاری دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی،سەرچاوەیەکی سووری و نێوەندگیرێکی سووری ئەمریکا ئاماژەی ئەوەی بۆ هەسەدە ناردووە کە " دەکشێتەوە لەوەی چیدیکە پشتیوانی هەسەدە بکات.''
رۆژی 17ـی ئەو مانگە لە کۆبوونەوەکەی هەولێر، تۆم باراک بە مەزڵوم عەبدی گوتووە :" بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرعە نەک هێزەکانی سووریای دیموکرات.'' بەڵام سەرچاوەیەکی هەسەدە رەتیکردەوە لەو کۆبوونەوەیە بەمشێوەیە قسە کرابێ ، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی و دوو بەرپرسی ئەمریکی رایانگەیاندووە:" ئەمریکا دڵنیایی داوەتە هەسەدە بۆ پاراستنی، ئەگەر هێرشەکەی شەرع زیانی بە خەڵکی سڤیل گەیاند، یان بووە هۆی ناسەقامگیری لە گرتووخانەکانی زیندانییانی داعش.''
گرووپەکانی سەر بە دیمەشق لە هێرشەکانیاندا زیاتر لەوە رۆیشتن بۆیان دانرابوو، بەپێی راپۆرتەکە سوپای ئەمریکا داوای لێکردوون پێشڕەوی رابگرن،فڕۆکەی هاوپەیمانانیش باڵۆنی هۆشداریان بەسەر هەندێک ناوچەدا فڕێدا، بەڵام بەلای کورد لە سووریا ئەو هەنگاوانە زۆر کەمبوون و دووربوون لە چاوەڕوانییەکانیان لە ئەمریکاوە.''
هەدیە یوسف دەڵێ: "ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان کردیان قبووڵکراون نییە، ئایا بەڕاستی ئێوە پرەنسیپتان نییە، خواستی خیانەتتان لە هاوپەیمانانتان هەیە ؟"
'زێدەڕۆیی شەرع'
بەپێی قسەی سێ بەرپرسی ئەمریکی کە ئاگاداری وردەکارییەکانن، شەرع لە دوایین قۆناخەکانی هێرشەکەی بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە زێدەڕۆیی کردووە،چونکە سەرەڕای گرتنی ناوچە زۆرینە عەرەب نشینەکان، رۆژی 19ـی مانگ بەرەو حەسەکە هەنگاویان نا، سەرەڕای ئەوەی رۆژی پێشتر ئاگربەست هەبوو.
سێ بەرپرسی ئەمریکی رایگەیاندووە:" ئیدارەی ئەمریکا تووڕەبووە لە سوپای سووریا،بەهۆی ئەوەی ئاگربەستیان پشتگوێخستووە و تووندوتیژی زۆریان بەرامبەر خەڵکی سڤیلی کورد بەکارهێناوە، دوو لەو سەرچاوانە دەڵێن:" ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ سەپاندنەوەی سزا بەسەر سووریا دەکە، ئەگەر شەڕ بەردەوام بێ.''
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە:" واشنتن بە نیگەرانییەوە چاودێری پەرەسەندنەکان دەکات لە سووریا،داواش لە هەموو هەموو لایەنەکان دەکات:" پێشینەی کارەکانیان پاراستنی خەڵكی سڤیل بێ لەنێو هەموو کەمینەکاندا .''
حکومەتی سووریا رۆژی سێشەممە ئاگربەستی راگەیاند و ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا چوار رۆژ دەرفەتی داوەتە هەسەدە بۆ پێشکێشکردنی پلانی تێکەڵکردنی هێزەکانی لەگەڵ سوپای عەرەبی سووریا.
سێ بەرپرسی ئەمریکی رایانگەیاندووە: "راگەیێنراوی ئاگربەست لەلایەن شەرعەوە، واشنتنی رازی کرد و ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر سەپاندنەوەی سزا نییە.''
چەند خولەکێک دوای ئەوە، تۆپ باراک لە ئێکس نووسی:" ئامانجی هەسەدە وەکو هێزێکی سەرەکی شەڕی دژی داعش بەسەرچوو.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ