رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ستایشی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ و ئەمریکای کرد بۆ هێرشکردنە سەر سێ وێستگەی ئەتۆمی ئێران و رایگەیاند، بەو هەنگاوە، سەرۆکی ئەمریکا بە "پیتی زێڕین" ناوی خۆی لە مێژوودا تۆمار کرد.
رۆژی یەکشەممە، 22ی حوزەیرانی 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ستایشی هێرشەکەی ئەمریکای بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ کرد بۆ بە ئامانجگرتنی هەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران؛ فۆردۆ، ئیسفەهان و نەتەنز.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل نووسیویەتی "پیرۆز بێت، ئەی خودا، پەروەردگاری ئێمە و فەرمانڕەوای گەردوون، کە ژیانت پێ بەخشیووین، ئێمەت پاراستووە و ئێمەت بەم رۆژە گەیاند."
ساعر هەروەها نووسیویەتی، "سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئەمشەو ناوی خۆی بە پیتی زێڕین لە لاپەڕەکانی مێژوودا نووسییەوە. بە بڕیارە ئازایانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە کردەوە سەلماندی کە شایەنی نازناوی 'سەرکردەی جیهانی ئازاد'ـە. ئەو بۆ هەمیشە وەک دۆستێکی راستەقینەی گەلی جوو و دەوڵەتی ئیسرائیل لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە."
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، ئەمریکا لە رێگەی فرۆکەی جەنگی پێشکەوتوو ناسراو بە فرۆکەی تارمایی بی 52 و بە بۆمبی حەشارشکێنی GBU-57، شەش بۆمبی لەو سێ دامەزراوەیە داوە و بەگوتەی ترەمپ زیانی گەورەی پێگەیاندوون.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلیشەوە، کە لە 13ی حوزەیرانەوە دژی دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران دەستیپێکردووە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێستا روونە کە کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل، بە بڕیارەکەی رۆژی 13ی حوزەیران بۆ دەستپێکردنی 'ئۆپەراسیۆنی شێری راپەڕیو'، مەترسیی لەناوچوونی لەسەر گەلی ئیسرائیل لابرد. بە واتای تەواوی وشەکە. من شانازیی بەشداریکردنم لە پرۆسەیەکی بڕیاردانی بێوێنەدا هەبوو، کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە."
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل زۆر هاوبەش لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنیدا هەن بەشدارییان لەو پرۆسەیەدا کردووە و گوتیشی "بەڵام یەک کەس هەیە، بەبێ ئەو ئەمە رووی نەدەدا: سەرۆکوەزیران بنیامین نەتەنیاهوو، سەرکردایەتیی ئەم هەنگاوە بوێر و مێژووییەی کرد و سەرکردایەتییەکی ناوازەی پیشان دا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ