نەخشەڕێگەی فەرەنسا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە؛ "جێگرکردنی هێزێكی نێودەوڵەتی و چەکداماڵینی حەماس"

22-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرەنسا نەخشەڕێگەیەکی نوێی ئامادە کردووە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی 23 مانگەی غەززە و دامەزراندنی هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە، ئەمەش وەکو جێگرتنەوەی سوپای ئیسرائیل و چەکداماڵینی حەماس.
 
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا پڕۆژەیەکی نوێیان ئامادە کردووە، بە ئامانجی پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتیی ئاشتیپارێز، رەوانەکردنیان بۆ کەرتی غەززە و پاراستنی ئاسایشی ئەو کەرتە، ئەمەش وەکو رێگەیەک لەدوای کۆتاییهێنانی ئەو جەنگە، ئەو هێزە جێگەی هێزەکانی ئیسرائیل بگرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا کار بۆ چەکداماڵینی بزووتنەوەی حەماس بکات.
 
بەگوێرەی نەخشەڕێگەکەی فەرەنسا، ئامانجی سەرەکیی جێبەجێکردنی بەیاننامەی نیویۆرکە کە لە مانگی تەممووزی رابردوودا پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا، داوای چارەسەری دوو دەوڵەتی، چەکداماڵینی حەماس و گواستنەوەی قۆناخ بە قۆناخی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی نێوخۆی غەززە بۆ دەسەڵاتی فەلەستین دەکات.
 
پرۆژە فەرەنسییەکە پێشبینیی ئەوە دەکات، چەند وڵاتێکی عەرەبی سەرپەرشتیی ئەم هێزە نێودەوڵەتییە کاتییە بکەن، بەتایبەتی ئاماژە بە میسر، ئوردن، سعودیە، ئیمارات و قەتەر کراوە وەکو بەربژێرە سەرەکییەکانی پێکهێنانی ئەو هێزە هاوبەشە. ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوای رێگەچارەیەکدا دەگەڕێت بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ غەززە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل.
 
رەوانەکردنی هێزی نێودەوڵەتی
 
پرۆژەکە رێگەیەکی خێرایی خستووەتەڕوو بۆ جێگیرکردنی کاتیی ئەو هێزە لەکەرتی غەززە، دوای ئەوەی دۆخەکەش بە تەواوی ئارام دەبێتەوە، ئەرکی هێزەکە لەژێر فەرمانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە سەرکردایەتی وڵاتانی عەرەبی دەبێت.
 
بەگوێرەی بەیاننامەی نیویۆرک، کە لەلایەن فەرەنسا و سعودیە سەرپەرشتیکرابوو و دواتریش لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە پەسند کرا، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی دانیشتووانی مەدەنی فەلەستین کرابووەوە، لەگەڵ پشتگرییکردنی پلانی گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنیی کەرتی غەززە بۆ دەسەڵاتی فەلەستین بەسەرۆکایەتی بزووتنەوەی فەتح رکاربەری بزووتنەوەی حەماس، لەگەڵ پەرەپێدانی تواناکان بۆ دەوڵەتی فەلەستین و هێزە ئەمنییە نێوخۆییەکان و دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی بۆ فەلەستین و ئیسرائیل.
 
پڕۆژە فەرەنسییەکە وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئەرک و چوارچێوەی کارکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکە دەخاتەڕوو، هێزەکە بە دوو قۆناخ جێگیر دەکرێت: قۆناخی یەکەم، ئامادە دەکرێن بۆ رەوانەکردنیان بۆ کەرتی غەززە لەدوای رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر ئاگربەست؛ دواتر ئەرکی سەرەکیی هێزەکە چاودێریکردنی ئاگربەستە، لەگەڵ پاراستنی خەڵکی سڤیلی غەززە و پاشانیش چەکداماڵینی قۆناخ بە قۆناخی حەماس و ئاسانکاریکردن بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی.
 
قۆناخی دووەم، کە ماوەکەی درێژخایەنترە، سەرنج لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی دەوڵەتی فەلەستینە، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەرکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆسۆڤۆ و تیمۆریی رۆژهەڵات لە رابردوودا.
 
هەڵوێستی ئیسرائیل
 
ئەوەی جێگری سەرنجە، لە پڕۆژە دوو لاپەڕەییەکەی فەرەنسا، تەنیا یەک جار باسی ئیسرائیلی تێدا کراوە. ئەمەش دەکرێت ببێتە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانەکەدا، بەتایبەتی ئیسرائیل بە تووندی دژی رۆڵی دەسەڵاتی فەلەستینە لە غەززە و تەنانەت دژی رێگەدانە بە هێزێکی نێودەوڵەتی لەو ناوچەیە.
 
هەر هێزێکی نێودەوڵەتی پێویستی بە هاوئاهەنگی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل دەبێت و نەبوونی وردەکاری لەسەر پەیوەندی ئەم هێزە لەگەڵ سوپای ئیسرائیل مەترسیی بۆ سەر جێەجێکردنی ئەو پرۆژەیەی پاریس دەبێت.
 
پشتگیریی وڵاتانی عەرەبی و روانگەی ئەمریکا
 
ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی ئاشکرا ئاماژە بە چەکداماڵینی حەماس دەکات، کە ئەمەش هەنگاوێکی زیاترە لە پلانەکەی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، کە زیاتر سەرنجی خستبووە سەر دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کاتیی حوکمڕانی لە کەرتی غەززە بەبێ ناوهێنانی راستەوخۆی حەماس.
 
پرۆژە فەرەنسییەکە بە روونی ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هێزە خاڵی سەرەتایە بۆ گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەتی، کە وڵاتانی عەرەبی بە بەردەوامی جەختیان لەسەر گرنگییەکەی کردووەتەوە بۆ بەشداریکردنیان لەم پرۆژەیەدا.
 
سەرەڕای هەوڵەکانی فەرەنسا بۆ رازیکردنی وڵاتانی عەرەبی، بەڵام بەبێ پشتگیریی ئەمریکا، ئەم پڕۆژەیە هیچ دەرفەتێكی بۆ تێپەڕبوون لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە.
 
ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکا، جەختی لەسەر گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا و تۆنی بلێر کردەوە و بڕیارەکەی بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین لەمیانی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە گرنگ وەسف کرد، بۆ رازیکردنی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەشداریکردن لە ئەرکی ئەمنیی چەکداماڵینی حەماسدا.
 
ماکرۆن باسی لەوەش کرد، پلانەکە پشکنینی ئیسرائیلی بۆ هێزە فەلەستینییەکان لەخۆدەگرێت و بە هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ بەشداریکردنی ئوردن، میسر و وڵاتانی دیکەش کە ئامادەن پشتگیریی دارایی بکەن.
 
لێدوانەکانی ماکرۆن ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانجە سەرەکییەکەی پلانی ئەمنیی فەرەنسا بۆ غەززە، "هەڵوەشاندنەوەی حەماس"ە، لەگەڵ پرۆسەیەکی چەکداماڵین، تاوەکو دڵنیابن لەوەی حەماس هەرگیز بەشێک نەبێت لە داهاتووی غەززە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی لە قەڵای دێرینی سەڵاحەدینی ئەییوبی لە قاهیرە.

قاهیرە؛ مەسرور بارزانی دوای کۆشکی کۆماری سەردانی قەڵای سەلاحەدینی ئەیووبی کرد

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری قاهیرە لەگەڵ سەرۆککۆماری میسر کۆبووەوە و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی کرایەوە. هاوکات سەرۆکی حکومەتی کوردستان سەردانی قەڵای سەلاحەدینی ئەییووبی کرد.