رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دەستگیرکردنی دوو شەڕڤان لەلایەن سوپای سووریاوە، لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێ کە سووکایەتییان پێدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) ژمارەیەک "سەرپێچی و پێشێلکاری"یان لەلایەن سەربازەکانیانەوە تۆمارکردووە و رێکاری یاساییان بەرامبەر گرتوونەتەبەر.
شەوی پێنجشەممە (22-01-2026)، فەرماندەیی ئاسایش و پۆلیسی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی رەفتاری هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرەڕای دەرچوونی فەرمان و رێنمایی روون بۆ هەموو یەکەکان، پۆلیسی سەربازی ژمارەیەک سەرپێچی و رەفتاری پێچەوانەی یاسای لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تۆمارکردووە."
ئەم بڕیارەی دیمەشق دوای ئەوە دێت لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و فراوانبوونی شەڕ بۆ ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنی "تاوانی جەنگ و پێشێلکاری" دژی هاووڵاتییانی سڤیل و شەڕڤانان بڵاوکرانەوە؛ ئەوەش کاردانەوە و تووڕەیی زۆری لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان لێکەوتەوە.
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوەکەیدا هەوڵدەدات ئەو پێشێلکارییانە وەک "رەفتاری تاکەکەسی" نیشان بدات و دەڵێت: "ئەو رەفتارانە گوزارشت لە دیسپلینی گشتیی سوپا ناکەن."
فەرماندەیی ئاسایش و پۆلیسی سەربازی جەختی کردووەتەوە کە دەستیان بە رێکاری یاسایی کردووە دژی سەرپێچیکاران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئامانج لەم هەنگاوە "پاراستنی دیسپلینی سەربازی و رێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی هەر سەرپێچییەک، کە زیان بە ناوبانگی دامەزراوەکە و سەلامەتیی کارە مەیدانییەکان بگەیێنێت."
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەشڵێت، "بەرامبەر هیچ سەرپێچی و پێشێلکارییەک سستی نانوێنێت"، بەڵام هاوکات ستایشی ئەوەی کردووە کە ناوی لێناوە "ئاستی بەرزی دیسپلینی یەکە سەربازییەکان" لە کاتی هێرشەکانیان دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ