رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێداگریی وڵاتەکەی لەسەر "هەموو کارێکی پێویست" بۆ رێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوەی حیزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە غەززە پیشاندا و هەڕەشەی بەردەوامیی هێرشەکانی بۆ سەر ئەو دوو گرووپە چەکدارە کرد.
رۆژی یەکشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2025، کابینەی جەنگیی حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو بەڕێوەچوو. نەتەنیاهوو لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: "بەردەوامین لە لێدان لە تیرۆر لە چەندین بەرەوە."
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، ئیسرائیل چەندین ئامانجی لە لوبنانی دراوسێ پێکا و سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، لە چەندین سەکۆی مووشەکی و پێگەی سەربازیی حیزبوڵڵای داوە.
دەزگای بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، رۆژی شەممە بەهۆی چەندین هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە 21 کەس کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش لە کاتێکدایە حەماس و ئیسرائیل جارێکی دیکە تۆمەتی پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستیان خستە ئەستۆی یەکدی کە مانگی رابردوو لەنێوانیان واژۆکرا.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، "کۆتایی ئەم هەفتەیە، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لوبنان و ئێمە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی هەموو کارێکی پێویست بۆ رێگریکردن لەوەی حیزبوڵڵا توانای هەڕەشەکانی دژی ئێمە بنیات بنێتەوە." دەشڵێت، "ئەمە هەمان ئەو کارەیە لە کەرتی غەززەش دەیکەین. لە کاتی ئاگربەستەکەوە، حەماس لە پێشێلکردنی نەوەستاوە و ئێمەش بەو پێیە وەڵام دەدەینەوە."
دوای دوو ساڵ لە جەنگ، رۆژی شەممە یەکێک بوو لە خوێناویترین رۆژەکان لەوەتەی ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری ئەمریکا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "تیرۆریستێکی چەکدار" ئەو هێڵەی بەزاندووە کە پێی دەگوترێت "هێڵی زەرد"؛ ئەو سنوورەی ناو کەرتی غەززە کە هێزەکانی ئیسرائیل بۆ پشتی کشاونەتەوە و تەقەی لە سەربازانی ئیسرائیل کردووە. سوپاکە دەشڵێت، لە وەڵامدا، هێزەکانیان "دەستیان بە لێدانی ئامانجە تیرۆریستییەکان لە کەرتی غەززە کرد".
نەتەنیاهوو لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، حەماس "چەندین هەوڵی داوە" بۆ دزەکردن بۆ ئەودیو هێڵی زەرد تا "هەوڵ بدات زیان بە سەربازەکانمان بگەیەنێت".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا: "ئێمە بە هێزێکی زۆرەوە ئەمەمان شکست پێهێنا و وەڵاممان دایەوە و باجێکی زۆر قورسمان پێدان. ئەوەش ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان دەگرێتەوە کە لەناومان بردن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ