رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسرائیل رازیبوونی خۆی بە ئاگربەست راگەیاند و نووسینگەی نەتەنیاهوو دەڵێت، گەیشتوون بە هەموو ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" و "تەنانەت زۆر لەوەش زیاتر." میدیای فەرمیی ئێرانیش دەڵێت، وڵاتەکەی بە ئاگربەست رازییە.
لەگەڵ ئەوەی باسی لەنێوبردنی هەڕەشەی بنەڕەتیی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێرانی کردووە، ئیسرائیل دەشڵێت، "زیانێکی قورسی بە سەرکردایەتیی سەربازیی ئێران گەیاندووە، دەیان ئامانجی ناوەندیی حکومەتی ئێرانیشی تێکشکاندووە."
بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەتی ئیسرائیل، هێزەکانیان لە رۆژی رابردوودا، "گورزی سەختیان لە ئامانجە حکومییەکانی دڵی تاران وەشاندووە و سەدان چەکداری بەسیجیان کوشتووە." هەروەها دەڵێت، "زانایەکی باڵای ئەتۆمیی دیکەشیان کوشتووە."
هاوکات نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، شەوی رابردوو بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجوومەنی وەزیرانی لەگەڵ وەزیری بەرگری، سوپاسالار و سەرۆکی مۆساد کۆکردەوە بۆ راگەیاندنی ئەوەی کە گەیشتوون بە هەموو ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو،" تەنانەت "زۆر لەوەش زیاتر."
نووسینگەکە دەڵێت، "ئەمە سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورەیە بۆ گەلی ئیسرائیل و جەنگاوەرەکانی، کە دوو هەڕەشە سەرەکییەکەیان لەسەر دەوڵەتەکەمان لەناوبردووە و مانەوەی تاهەتایی ئیسرائیلیان مسۆگەر کردووە."
هەروەها دوای کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 24-06-2025، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بە ئاگربەست رازییە و پێیەوە پابەند دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ