رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
وێنەیەکی گرافیکی کە ئاماژەیە بۆ ئاشتی، لەلایەن تیمی دیجیتاڵ کرەیتیڤ ـی رووداو دروستکراوە.
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، دوای ئەوەی بنیامین نەتەنیاهوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ قسەی کردووە، ئیسرائیل بڕیاری راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران داوە. مەسعود پزیشکیانیش دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی پابەندی ئاگربەست دەبێ.
رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، ئیسرائیل "خۆی بەدوور دەگرێ" لە هێرشی زیاتر بۆ سەر ئێران، ئەوەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، "دوای گفتوگۆی سەرۆک ترەمپ لەگەڵ سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو، ئیسرائیل خۆی لە هێرشی زیاتر بەدووردەگرێ. لەو گفتوگۆیەدا سەرۆک ترەمپ پێزانینی هەبوو کە ئیسرائیل توانیوویەتی ئامانجەکانی لە جەنگەکەدا بەدەستبێنێ و متمانەی خۆیشی بە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دەربڕی."
پێش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ نەتەنیاهوو، ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا ئێران و ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد کە درەنگانی شەوی رابردوو رایگەیاند و چەند کاژێرێک دواتر لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس ئاماژەی بەوە کرد، هەردوولایەنی جەنگەکە بە ئاگربەست رازی بوون و "ئاگربەستەکە کاری پێدەکرێت."
نووسینگەی نەتەنیاهوو دەڵێت: "کاتی ئاگربەستەکە کاژێر 7ی بەیانی دانرابوو. لە کاژێر 3ی بەرەبەیاندا ئیسرائیل بە تووندی هێرشی کردە سەر نێوەڕاستی تاران، ئامانجەکانی پێکا و سەتان کەس لە هێزەکانی بەسیج و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی لەنێوبرد."
نووسینگەی نەتەنیاهوو باس لەوە دەکات، کەمێک پێش چوونە واری جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەوە "ئێران زنجیرەیەک مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هاویشت کە یەکێکیان بووەهۆی گیانلەدەستدانی چوار لە هاووڵاتیانمان لە شاری بیرشیڤا. ئاگربەستەکە لە کاژێر 7ی بەیانی چووە واری جێبەجێکردنەوە".
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئێران بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "کاژێر 07:06ی بەیانی ئێران مووشەکێکی بەرەو خاکی ئیسرائیل هاویشت و دوو مووشەکی دیکەشی لە کاژێر 10:25ی هاویشت. ئەو مووشەکانە تێکشکێندران یانیش لە ناوچەیەکی چۆڵ کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و مادییان لێ نەکەوتەوە. وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی ئێرانیش، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل وێستگەیەکی راداری لە نزیک تاران تێکشکاند."
هاوکات مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی پابەندی ئاگربەستەکە دەبێ، ئەگەر ئیسرائیلیش پابەند بێ.
مەسعود پزیشکیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی مالیزیا گوتی، ئەگەر ئیسرائیل "ئاگربەستەکە پێشێل نەکات، ئێرانیش پێشێلی ناکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ