ترەمپ لەنێو فڕۆکەکەیدا لە دەوحە لەگەڵ میری قەتەر کۆدەبێتەوە

25-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەرپرسێکی کۆشکی سپی، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی وەستانێکی کاتیدا لە قەتەر، لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا لەگەڵ میری قەتەر و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاگربەستە هەستیارەکەی کەرتی غەززە.
 
قەتەر رۆڵێکی سەرەکیی لە هەوڵەکانی نێوەندگیریدا گێڕا، کە بووە هۆی راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، لەسەر بنەمای ئەو پلانەی کە ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی دوو ساڵەی کەرتی غەززە پێشنیازی کردبوو.
 
بەرپرسەکە رایگەیاند، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، لە کاتی وەستانە کاتییەکەی فڕۆکەکەی ترەمپ لە قەتەر، دەچنە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا (ئێیەر فۆرس وەن) بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن. 
 
ترەمپ لە گەشتێکدایە بەرەو ماليزيا، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنیی فڕۆکەکەی، پێویستە لە قەتەر بوەستێت. 
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە یاوەریی ترەمپ دەکات لە گەشتەکەیدا، بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە روبیۆ لەم کاتەدا لە ئیسرائیلە.
 
پێشتر ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت؛ جەیرید کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، سەردانی ئیسرائیلیان کردبوو، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ چەسپاندنی ئاگربەستە ناسکەکە، کە لە 10ی تشرینی یەکەمەوە لە کەرتی غەززە دەستی پێکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە