قەشەیەک لە لوبنان بە چەکەوە دەرکەوت و سەرۆکی قەشەکانیش روونکردنەوە دەدات

26-12-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی قەشەیەک کە لە جەژنی قەداسدا چەکی هەڵگرتووە، نووسینگەی راگەیاندنی ئەبرەشییە ئەنتلیاسی مارۆنییەکان دەڵێت، هۆشدارییان بە قەشەکە داوە کاری وا دووبارە نەکاتەوە و کارەکەشی تەنیا نواندنێک بووە بۆ ئامۆژگاری.
 
چوارشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، نووسینگەی راگەیاندنی ئەبرەشییە ئەنتلیاسی مارۆنییەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، کە قەشەیەک لە کەنیسەی مارمارۆنی سەر بە ئەبرەشییەی ئەنتلیاسی مارۆنییەکان لەکاتی ئاهەنگگێڕانی جەژنی قەداس چەکێکی هەڵگرتووە، ئەوەش دەنگدانەوە و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەبرەشییە: ئەوان "رازی نین لەو رێگایەی کە ئەو قەشەیە گرتوویەتییەبەر و هۆشداری پێدراوە کاری لەوشێوەیە دووبارە نەکاتەوە."
 
"ئەوەی قەشەکە کردی تەنیا بەشێک بووە لە دیمەنێک کە لە گوتارەکەیدا بەکاریهێناوە و ویستوویەتی ئەو پەیامە بگەیێنێت کە چەکی باوەڕدار خاچەکەیە. قەشەکە چەکەکەی لەبەردەم باوەڕداران فڕێداوە و داوای لێکردوون هەموو ئەو چەکانە فڕێ بدەن و دەست بە تاکە چەکەوە بگرن، کە خاچەکەیە، ئەویش چەکی خۆشەویستی و لێخۆشبوونە." لە راگەیێندراوەکەی ئەبرەشییە دا هاتووە.
 
ئەبرەشییە هیوادارە ئەم بابەتە "رەهەندی تائیفی" هەڵنەگرێت و لەلایەن هەندێک کەسەوە بۆ وروژاندنی ناکۆکی، رق و کینە و تایەفەگەری بەکارنەهێندرێت، بەتایبەتی لەبەر ئەو دۆخە پڕ گرژی و هەلومەرجە نائاساییەی لوبنان پێیدا تێدەپەڕێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەی گازی کۆرمۆر

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتە دووەم بەرهەمهێنەری گاز؛ 'پێویستی بە 200 ملیار دۆلارە'

بەڕێوەبەرانی کەرتی وزە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا لە دوبەی رایانگەیاند، بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببێتە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی سرووشتی لە جیهان، کەرتی وزەی ناوچەکە لە چوار ساڵی داهاتوودا پێویستی بە 200 ملیار دۆلار وەبەرهێنانە.