رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل لە پلانیدایە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچەکانی باشووری سووریا فراوان بکات، ئەگەر بۆی سەلما هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە گوندی بەیت جن لە باشووری ئەو وڵاتە تەقەیان لە سەربازانی ئیسرائیل کردووە.
بەگوێرەی چەند راپۆرتێکی میدیای ئیسرائیلی، ئەگەر ئاشکرا بوو سوپای سووریا رۆڵیان هەبووە لە شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژی هەینی لە ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە، ئەوا هێزەکانی ئیسرائیل دەستدەکەن بە هێرشی ئاسمانی بۆسەر پێگە سەربازییەکانی سوپای سووریا.
میدیای ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، سوپای ئیسرائیل هەندێک لەو کەسانەی دەستنیشان کردووە، کە پلانی هێرشکردنیان بۆسەر سەربازانی سوپای ئیسرائیل و کۆمەڵگەی دروز لە سووریا داڕشتووە و بەشێکن لە هێزە هەواڵگرییەکانی سووریا.
بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵگریی ئیسرائیلی، لەدوای دەستگیرکردنی دوو ئەندامی رێکخراوی جەماعەی ئیسلامی لە باشووری سووریا، رووبەڕووی هێرش و تەقەکردن بوونەتەوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێزەکانیان وەڵامی تەقەکارانیان داوەتەوە و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلیش لە رێگەی هەلیکۆپتەری جەنگی و درۆنەوە پشتیوانییان کردوون، ئەمەش جگە لەوەی فڕۆکە جەنگییەکانیش چەندین هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی ئەو گرووپە چەکدارانە.
ئەو هەڕەشە نوێیەی سوپای ئیسرائیل لەدوای ئەوە دێت، رۆژی هەینی سوپای ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر باشووری سووریا و ئەو هێرشە بووە هۆی کوشتنی 13 کەس و برینداربوونی 24 کەسی دیکەش.
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر گوندی بەیت جن لە باشووری سووریا، لەدوای ئەوە دێت کە هەوڵیان داوە دوو ئەندامی گرووپی چەکداریی جەماعەی ئیسلامی دەستگیر بکەن و رایانگەیاندبوو، ئەو گرووپە چەکدارییە کە بنکەیان لە لوبنانیش هەیە، پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سوپای ئیسرائیل، دواتر بارودۆخەکە بەرەو رووبەڕووبوونەوەیەکی کوشندە چووە و پێکدادان روویداوە.
شەش سەربازی ئیسرائیلیش بریندار بوون، کە سیانیان برینەکەیان سەختە و دوو ئەندامە داواکراوەکەی جەماعەی ئیسلامییش دەستگیر کراون و گەڕێندراونەتەوە بۆ ئیسرائیل.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل و دروستبوونی شەڕ و پێکدادان، کاژێر سێی بەیانی بووە.
حکومەتی سووریاش لە یەکەم کاردانەوەی بەرامبەر بەو هێرشە نوێیەی ئیسرائیل، بە تووندی سەرکۆنەی کرد و رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە هەڵاتوون و ئاوارە بوون.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند، ئیسرائیل بۆردوومانێکی دڕندانە و بەئەنقەستی کردووە و بووەتە هۆی کوشتنی ژنان و منداڵان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ